ڕۆژی سێشەممە لە ئامەد، هاوسەرۆکی هەدەپە، میتات سانجار بەشداری مەراسیمی نەورۆزی کرد.
سانجار لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا بە خۆدان و ئیرادەی بەهێزی خەڵک، بە ڕێپێوانەکەیان و بە هاوپەیمانییەکی نوێ ژیانێکی نوێ بنیات دەنێین.
"زمانێکی هاوبەش لەسەر ئەم خاکە بنیات دەنێین و ڕۆحێکی نوێ دروست دەکەین. ئەم زمان و ڕۆحە نوێیە سەرچاوەی خەباتە. وەک ئاگری نەورۆز دڵمان و ڕێگاکەمان ڕۆشن دەکاتەوە. ئێمە زۆر باش دەزانین بەبێ زمانێکی نوێ مەحاڵە ژیانێکی نوێ دروست بکرێت. بۆیە زمان و ژیانێکی نوێ بنیات دەنێین و بە دڵنیاییەوە ئاشتییەکی گەورە بۆ وڵاتەکەمان دەهێنین."
سانجار لە وتارەکەیدا سەرنجی خستەسەر بوومەلەرزە وێرانکارەکەی مانگی ڕابردوو و گوتی لە ژێر سێبەری بوومەلەرزەدا پێشوازی لەم نەورۆزە دەکەن.
"ئازارەکانمان زۆرن، ماتەمینی دەگڕین، بەڵام لەلایەکی ترەوە توڕەین و ئازارمان زۆرە. ئەم ئازارە دەکەینە خەبات و لە ڕێگەی ئەم خەباتەوە ژیانێکی نوێ بنیات دەنێین."
سانجار هەروەها باسی لە هەڵبژاردنی 14ی پێنج کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە وەک هاوپەیمانی کرێکاران و ئازادی سەرکەوتوو بن و ئەم حکومەتە تێکشکێنن و ئەم سیستەمەی ئێستا بگۆڕن.
"ئێمە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین، بەڵام دەڵێین نا بۆ سیاسەتی شەڕ و دەستدرێژی و تاڵانکردن. ئێمە دەمانەوێت وڵاتێکی نوێ، ژیانێکی نوێ بنیات بنێین. هەر بۆیە ئێمە سڵاو لە نەورۆز دەکەین، بەڵام بە دەسەڵات بڕۆ."
ئامینە ئەردۆغانی هاوژینی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە تویتێکدا پرۆزبیی نەورۆز دەکات و لەسەر ئەژماری تویتەری تەیب ئەردۆگانیش دایناوە. ئەو دەڵێت " ئەو زەویەی کە بە باران و خۆری درەوشاوە و بەئاگاهاتنەوەی سروشت بە هەزار و یەک سێبەری سەوز نەخشێنراوەوە زیندوو دەبێتەوە؛ هێمای هیوا و زیندووبوونەوە و چاکبوونەوە.
پڕ بە دڵ ئاواتەخوازم لەگەڵ بەهاردا خەم جێگەی خۆی بۆ چاکە و جوانی و شادی بەجێبهێڵێت و پیرۆزبایی نەورۆز دەکەم."
کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی شەش لایەنەش پرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کردوو و دەڵێت " جەژنێکی دێرینی ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ باڵکانە، ئەمە میراتی کولتوری هاوبەشمانە."
جێی باسە لە ئێستادا هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەکانی کە بڕیارە لە 14 ی مانگی 5 بکرێت، لە تورکیا بەڕێوە دەچێت.