Accessibility links

دادگای شۆڕشی ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو هاووڵاتی بیانیدا دەسەپێنێت


هێرشی سەر شاهچراغ کە مەزارگەیەکی پیرۆزی شیعەکانە لە شیراز، لە 26ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو کردە ئامانج
هێرشی سەر شاهچراغ کە مەزارگەیەکی پیرۆزی شیعەکانە لە شیراز، لە 26ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو کردە ئامانج

دادگای شوڕشی ئیسلامی شیراز لە ئێران ڕۆژی شەممە سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو تۆمەتباری ڕووداوەکەی 'شاهچراغ'ی شاری شیراز ڕاگەیاند.

هێرشی سەر شاهچراغ کە مەزارگەیەکی پیرۆزی شیعەکانە لە شیراز، لە 26ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا و بوو بە هۆی کۆژرانی 13کەس و برینداربوونی 20 کەسی دیکەش.

حکومەتی ئێران هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" وەسف کرد و دوای ماوەیەکی کەمیش داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەدا گرتە ئەستۆ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' ئەو دوو کەسە محەمەد ڕامز ڕەشیدی و سەید نەعیم هاشم قەتاڵین کە بە تاوانی چالاکی لە دژی ئاسایشی وڵات تۆمەتبارکراون.

تا ئێستا ڕەگەزنامەی ئەو دوو زیندانییە بە شێوەی فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی ناوخۆیی ئێران، تۆمەتبارەکان پێنج کەسی بیانی هاووڵاتی وڵاتی کۆماری ئازەربایجانن.

بە وتەی کازم موسەوی، سەرۆکی دادوەری پارێزگای فارس، سزای زیندانی درێژخایەن بۆ سێ تۆمەتباری دیکەش دەرچووە.

موسەوی گوتی "تۆمەتبارانی دیکەی ئەم دۆسیەیە بریتین لە محەمەد ڕەحمانی کە سەرۆکی گرووپەکانی داعش بووە لە تاران و سزای 25 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە، مستەفا جان ئەمانیش کە تۆمەتبارێکی دیکەی ئەو دۆسیەیە، سزای 15 ساڵ و یەک ڕۆژی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها حەمید الە کابولیش بەهۆی ئەندامێتی و لایەنگری لە گروپی تیرۆریستی داعش سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە."

ماوەیەک دوای ڕووداوەکەی شاەچراغ، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە 26 هاووڵاتی بیانی لە پێوەند بەو ڕووداوەوە دەستگیر کردوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو وەزارەتە، ئەو هاووڵاتییە دەستگیرکراوانە خەڵکی تاجیکستان، ئازەربایجان و ئەفغانستانن.

سەرۆکی دادوەری پارێزگای فارسیش ڕایگەیاندوە کە پێنج تۆمەتبارەکەی ئەو دۆسیەیە، هاووڵاتی 'یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی' ئێرانن.

بە لەبەرچاوگرتنی گرژییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی و کۆماری ئازەربایجان کە دوای هێرشی چەکداریی ئێرانییەک بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تاران و کوژرانی ئەفسەرێکی ئەمنی باڵوێزخانەکە گەیشتە لوتکەی خۆی، پێشبینی دەکرێت بڕیارەکانی ئەم دادگایەش هێندەتر کێشەکانی ئەو دوو وڵاتە قووڵتر بکاتەوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئازەربایجان بە ڕادەیەک پەرەی سەندوە کە حکوومەتی ئازەربایجان هەموو کارمەندانی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران کشاندەوە و لە هەندێک مەکۆی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کە ئێرانی تێیدایە، سکاڵای لەسەر کۆماری ئیسلامی تۆمار کردوە.

جێی ئاماژەیە کە هێرش بۆ سەر شاهچەراغ لەو ڕۆژانەدا ڕوویدا کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی گەیشتبووە لوتکەی خۆی و هەموو ئێرانی گرتبووە.

هەروەها لەو کاتەدا لە لایەن خەڵکی ئێران و چالاکانی دژی کۆماری ئیسلامی گۆمان لەسەر پاڵنەری سەرەکی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە یان پەیوەندییان بە گروپی داعشەوە بڵاوکرایەوە و بەشێک لە خەڵکیش هێرشەکەیان بە پیلانی خوودی حکومەت ناوبرد بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خۆپیشاندەران.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG