Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە بڕیارێکی دانیمارک بۆ ڕەوانەکردنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان


دەستەی پێداچوونەوە لە دۆسێی پەنابەران لە دانیمارک ڕۆژی هەینی بە سەلامەتی زانی بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری بۆ پارێزگای لازقییە لە بەشی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنایە ئاراوە.

کاتێک دەزگای کۆچبەری دانیمارک بڕیار دەدات مۆڵەتی مانەوەی پەنابەرێک بسەنێتەوە، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دۆسیەکە دەچێتە دەستەی پێداچوونەوە کە باڵاترین دەسەڵاتە لە دۆسێیەکانی پەنابەری لە دانیمارک بۆ ئەوەی ڕەچاوی بکات.

پارێزگای لازقییە کە مۆڵگەیەکی بەهێزی حکومەتی بەشار ئەلئەسەدە و هاوسنوورە لەگەڵ دەریای سپی ناوەڕاست، تا ئێستا هەمان ڕێژەی شەڕی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی بەخۆیەوە نەبینیوە.

دەستەی پێداچوونەوە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، باشتربوونی ئاسایشی پارێزگاکە وایکردووە گەڕانەوەی ئاوارەکان سەلامەت بێت.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای کۆچبەران لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دانیمارک لە کۆی زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ حاڵەت کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، مۆڵەتی مانەوەی ١٥٠ هاووڵاتی سووری لە دیمەشق و دەوروبەری هەڵوەشاندووەتەوە،.

وتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکەی دانیمارکی بە "نیگەرانی" ناوبرد و وتی ئاژانسەکە باشترکردنی دۆخی ئەمنی سوریا بە هۆکار نازانێت "بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدات بە کۆتاییهێنان بە پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ هەر گروپێک لە پەنابەران".

لە ساڵی ٢٠٢١، یاسادانەرانی ئەوروپا ڕەخنەیان لە دانیمارک گرت کە هەوڵی ناردنەوەی پەنابەران دەدات بۆ دیمەشق دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی دانیمارک ئیدیعایان کرد کە بارودۆخی پایتەختەکە باشتر بووە.

ماتیا تێسفای، وەزیری کۆچبەرانی ئەوکاتە لەو کاتەدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئێمە بە ڕوونی بۆ پەنابەرە سوورییەکانمان ڕاگەیاندووە کە مۆڵەتی مانەوەیان کاتییە و ئەگەر پێویستیی پاراستن نەمێنێت، دەتوانرێت مۆڵەتەکە هەڵبوەشێنرێتەوە".

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دانیمارک و هەنگاریا تاکە دوو وڵاتی یەکێتی ئەوروپان کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان بۆ پەنابەرانی سوریا هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەو پەنابەرانەی لە دانیمارکن، ڕەوانەی ناوەندەکانی گەڕانەوە یان خۆبەخشانە وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG