Accessibility links

کۆشکی سپی ڕەتیکردەوە بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا بکات


ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندوە لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن سەبارەت بە پرۆسەی گۆڕانکارییە دادوەرییەکان لە ئیسرائیل، کۆشکی سپی ڕەتیکردوەتەوە بنیامین ناتانیاهۆ بانگهێشتی ئەمەریکا بکات.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە ڕۆژی پێنجشەممە 16ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، کۆشکی سپی لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هەمیشە بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیلیان لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونیدا کردوە بۆ ئەمەریکا.

لە ئێستادا نزیکەی سێ مانگ بەسەر گەڕانەوەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ دەسەڵات و نزیکەی پێنج مانگ بەسەر سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل تێپەڕیوە، بەڵام کۆشکی سپی هێشتا بانگهێشتی نەکردووە.

لەو ماوەیەدا وادیارە جوۆ بایدن تەنیا دوو جار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نەتانیاهۆ هەبووە.

میدیاکانی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا بڵاویان کردەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی بە وەزیرەکانی کردووە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئەمەریکا بپارێزن تا ئەو کاتەی کۆشکی سپی یەکەمجار بانگهێشتی دەکات، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەگەری بانگهێشتکردنی لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ئارادا نییە.

وەزیری دارایی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا بۆ پێشکەشکردنی وتارێکی ئابوری سەفەری واشنتنی کرد بەڵام کۆشکی سپی فەرمانی بە سەرجەم بەرپرسانی، لەوانەش وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کردبوو کە هیچ دیدار و دانیشتنێکیان لەگەڵدا نەبێت.

هۆکاری گۆشەگیرکردنی ئەو وەزیرە باڵایەی ئیسرائیل کە سەرۆکی پارتێکی ڕاستڕەوی توندڕەوە، ئەو لێدوانانە بوو کە دوو هەفتە لەمەوبەر سەبارەت بە لەناوبردنی شوێنی نیشتەجێبوونی فەلەستینیەکان لە کەرتی ڕۆژئاوادا کردبووی، هەرچەندە کە دواتر قسەکانی خۆی گۆڕی.

دەیڤید ماکۆڤسکی، بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە بانگهێشت نەکردنی نەتانیاهۆ پەیامێکی ڕوونی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر نەتانیاهۆ بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتەکانی، ئەوا هیچ ڕێگەیەکی بۆ کۆشکی سپی نابێت.

لە هەمان کاتدا، ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە 16ی ئەم مانگە داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد بنیامین ناتانیاهۆ گۆشەگیر بکەن و ڕەتی بکەنەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن. بە تایبەتی پەیوەندی بە ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە کرد بۆ ئەوەی میوانداریکردنی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو هەڵبوەشێنێتەوە.

ئۆلمێرت بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بە تەواوی دژە ئیسرائیلە.

سەدان ئیسرائیلی دانیشتووی شاری بەرلین ڕۆژی پێنجشەممە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە ناوخۆی ئیسرائیل، هاوکاتی سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند و گوتی ئەو بانگەشانەی دەڵێن گۆڕانکارییە دادوەرییەکان سنووردارکردنی ئازادییەکانی ئیسرائیل و دیموکراسییە، درۆیە و ئەو هەمیشە سیاسەتمەدارێکی لیبڕاڵ بووە و دەمێنێتەوە.

سەرۆکی پێنج پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە لە ئیسرائیل ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب ڕایانگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ "بە ئاشکرا درۆی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کردووە".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەزار نووسەر و مامۆستای زانکۆ نامەیان بۆ ئەڵمانیا و بەریتانیا نووسیوە سەبارەت بەو گۆڕانکارییە دادوەرییانەی کە حکومەتەکەی نەتانیاهۆ لە ڕێگەی پەسەندکردنی زنجیرەیەک یاسای نوێ لە پەرلەمانەوە ئەنجامی داوە و ئیسرائیل لە سروشتی دیموکراسییەکەی بەتاڵکردووەتەوە و بەرەو دیکتاتۆرییەتێکی ئاینیی بردوە.

داوای سیاسەتمەداران یان خەڵک و کەسایەتییەکانی ئیسرائیل لە سەرکردەکانی جیهان بۆ گۆشەگیرکردنی سەرکردەی وڵاتەکەیان ڕووداوێکی دەگمەنە لە ماوەی 75 ساڵی بوونی ئیسرائیلدا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG