Accessibility links

سەرۆکی ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجە: سەدام بە کیمیایی جەستەی لەناوبردین، بەڵام دەسەڵاتەکەی خۆمان ڕۆحمانی لەناوبرد


ساڵانە دەسەڵاتداران و کاربەدەستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی شاری هەڵەبجە دەکەن و ژمارەیەک پەیمان دەدەن بە دانیشتوانی شارەکە، بەڵام بەشێک لە خەڵکی شارکە دەڵێن پاش ئەوە بەدواداچوون ناکرێت تا بزانرێت ئەو پەیمانانە جێبەجێدەکرێن یان نا.

سەرۆکی ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجە دەڵێت "ئێمە (خەڵکی هەڵەبجە) دەڵێین سەدام بە کیمیایی جەستەی لە ناو بردین، بەڵام دەسەڵاتەکەی خۆمان ڕۆحمانی لەناوبرد."

ئیقبال غەفار ئەمین دەڵێت پاش 35 ساڵ " بریندارەکانی هەڵەبجە هێشتا دەناڵێنن. ئێمە بە ئامار ئێستا نزیکەی 260 بریندارمان هەیە، ئەگەر لە هەر یادێکی کیمیاباراندا 10 بریندار چارەسەر بکرابایە و ببرایەتە دەرەوە ئێستا کەس نەمابوو بە برینداری. "

هەرچەندە دەشڵێت ناڵێین بە تەواوەتی هیچ نەکراوە "با بێویژدان نەبین شت کراوە بەڵام لە ئاستی قوربانیانی کیمابارانی هەڵەبجەدا نین. شتێک نەکراوە کە بەرچاوبێت و جیاوازبێت لە شوێنەکانی تر."

ئەو باس لەوەش دەکات حکومەتی هەرێم کە پێش حکومەتی عێراق دانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا ناوە هەتا ئێستا شاندێکی لە پارێزگای هەڵەبجەوە بانگ نەکردووە بەڵێ چیتان دەوێت بۆ پارێزگاکەتان هەروەها دەشڵێت " بۆ پارێزگاری هەڵەبجە توانیویەتی بڕوات سەرۆکی حکومەت ببینێت؟ جەنابی سەرۆکی حکومەت هەتا ئێستا نەهاتووەتە هەڵەبجە."

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دراو هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق پێناسەکرا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەکەی بە بۆنەی ڕۆژی 35 هەمین ساڵیادی هەڵەبجە و پێشتریش لە وتارێکیدا لە حەوتهەمین دیداری سلێمانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد کە " زۆر دڵسۆزانە کاری کرد" بۆ تەواوکردنی ڕێكاره‌كان تا هەڵبجە ببێت بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق، بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە کاربکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان " ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت و وه‌ک دادگا و ياسا بڕيارى داوه‌، قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌."

لە 16 ی سێی ساڵی 1988 کاتژمێر نزیکەی 11 ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق بە گازی خەردەل، سارین و دەمار هێرشێکی گەورەیان کردە سەر شاری کوردنشینی هەڵەبجە.

بەهۆی ئەو هێرشە نزیکەی 5 هەزار کەس لەو شارەی کە 60 هەزار دانیشتوی تێدابوو، لەو ڕۆژەدا کوژران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و مەزەندەدەکرێت 10 هەزار کەسی تریش بەهۆی کاریگەرییەکانی هێرشەکەوە زیانی تەندروستی درێژخایانیان پێگەیشتبێت.

XS
SM
MD
LG