Accessibility links

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت 14 کەس لە لافاوەکەی سەمسور و ڕوها خنکاون


بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لافاو لە شاری سەمسور و ڕوها دروستبووە و بووە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەوشوێن بوونی چەندین کەس و زیانێکی زۆریش بە بینا و شوێنەوارەکان کەوتووە.

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 14 کەس.

سۆیلو گوتی لە شارۆچکەی توت سەر بە سەمسور 2 کەس خنکاون و هەروەها لە ڕوهاش 12 کەس خنکاون. ئەو ڕایشیگەیاند مندالێکی تەمەن یەک ساڵ و پێنج مانگ لە نێو ئەو کەسانەدایە کە خنکاون.

وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتیشی 10 تیمی فریاکەوتن و فریاگوزاری کە پێکهاتوون لە 163 کەس لە سەمسور بەردەوامن لە کارەکانیان، بەڵام خراپی کەشوهەوا بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانیان.

جێی باسە شاری سەمسور یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزە بە‌هێزەکەی مانگی ڕابردوو زیانێکی زۆری بەرکەوت و هەزاران کەس لەوێ گیانیان لەدەست دا.

XS
SM
MD
LG