بەپێی بڕیارێکی پەرلەمانی ئێران و ئاگادارکردنەوەیەکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، کاتی فەرمی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی ئەو وڵاتەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.
ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک لە نوێنەرانی پارلمانی ئێران پلانێکیان داڕشت کە کاتی فەرمی وڵات نەگۆڕێت و دواجار لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا لە زستانی ساڵی ڕابردوودا پلانەکە پەسەند کرا.
بەگوێرەی ئەو بڕیارنامەیەی پەرلەمان، حکومەت بۆی نییە گۆڕانکاری لە کاتی فەرمی وڵاتدا بکات، تەنها ئەنجوومەنی وەزیران ڕێگەی پێدراوە دەوامی فەرمانگە و ڕێکخراو و ناوەندە لاوەکییەکان بەپێی مادەی 87ی بەرێوەبردنی خزمەتگوزاری شارستانی ڕێکبخات.
لە ئەمەریکا بەڵام کاتژمێرەکان لە ڕۆژی یەکشەممە 12ی ئەم مانگەوە بۆ کاتژمێرێک پێش دەکەون و بەم شێوەیەش زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتە کاتژمێرێک لە خەوی شەوانەیان لەدەست دەچێت.
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی گۆڕانکاری لەکاتژمێرەکاندا لە بەهار کە بەمەبەستی کەڵک وەرگرتنی لە تیشکی ڕۆژ و پاشەکەوتکردنی وزە ئەنجام دەدرێت، زیانی جددی بۆ سەر تەندروستی وبەرگری لەش دروست دەکات، هەر بۆیەش ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن یاسای گۆڕینی کاتژمێر بۆ هەمیشە هەڵبوەشێننەوە.
بەگوێرەی گۆڤاری فۆربس، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە کەسێکی ئاسایی ئەمەریکایی یەکەم شەو دوای گۆڕینی کاتژمێرەکان لە بەهاردا، 40 خولەک لە کاتی خۆی بۆ خەوتن لەدەست دەچێت و پێناچێت ئەو کاتە لەدەستچووەش کاتێک کاتژمێرەکان لە پایزدا دەگەڕێتەوە دوا، قەرەبوو بکرێتەوە.
شارەزایان دەڵێن ئەم گۆڕانە جگە لەوەی خشتەی خەوتنمان تێکدەدات، ڕیتمی سروشتی جەستەش بە گۆڕینی وەرگرتنی ڕێژەی ڕووناکی تێکدەدات.
بەڵگەکان دەریانخستووە کە ڕێژەی ڕووداوە کوشندەکانی ئۆتۆمبێل، سەردانی ژووری فریاکەوتن، جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دیکە لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای گۆڕینی کاتژمێرەکان لە بەهاردا زیاد دەکات.
توێژینەوە درێژخایەنەکان دەریانخستووە کە گۆڕینی کاتژمێر لە ساڵێکدا دووجار دەتوانێت نەخۆشییە درێژخایەنەکان قورستر بکات، بەتایبەتی تێکچوونەکانی وەک خەمۆکی و دوو جەمسەری و دڵەڕاوکێ، کە زۆرجار پەیوەندییان بە تێکچوونی خەوەوە هەیە. هەروەها مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دروست دەکات.
گۆڕانی کاتژمێر لە بەهار لە ئەمەریکا لە ڕۆژی یەکشەممە 12ی مانگی سێوە دەست پێدەکات. شارەزایانی بواری خەو ماوەیەکی زۆرە بە توندی دژی ئەم گۆڕانەن.
ئاکادیمیای پزیشکی ئەمەریکا بۆ خەو لە ساڵی 2020دا ڕایگەیاند کە گۆڕینی کاتژمێر لە بەهاردا دەتوانێت کاتژمێری ناوەوەی جەستە تێکبدات و ئەمەش دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی و سەلامەتی گشتی هەبێت.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا