وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا لە 16هەمین ساڵیادی ڕفاندنی ڕابێرت لێڤینسۆن، کارمەندی پێشووی ئێف بی ئای لە دوورگەی کیشی ئێران، داوای وەڵام لە کۆماری ئیسلامی دەکەن سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییە.
ئێف بی ئای(FBI) ڕۆژی پێنجشەممە ڕاپۆرتێکی لە ماڵپەڕەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە 16 ساڵ بەسەر ڕفاندنی ئەو کارمەندەی پێشوویدا لە ئێران تێدەپەڕێت.
بەڕێوەبەری ئێف بی ئای ڕایگەیاندوە کە سەرەڕای خانەنشینبوونی ناوبراو و تەنانەت تێپەڕبوونی ئەو هەموو ماوەیە لە دەستبەسەرکردنەکەی، بەڵام ئەوان هێشتا لێڤینسۆن وەک بەشێک لە خێزانی ئیف بی ئای دادەنێن و بۆیەس خۆیان بە پابەند دەزانن بۆ هێنانەوەی.
پاشان جەختی لە بەردەوامی هەوڵەکانی FBI و دامەزراوە بەرپرسەکانی دیکەی ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی لێڤینسۆن کردەوە و ڕایگەیاندوە کە تا ئەو کاتەی نەیگێڕنەوە بۆ وڵات، دەست لە هەوڵەکانیان هەڵناگرن.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند و گوتی لە کاتێکدا بنەماڵەی لێڤینسۆن لە ماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی چارەنووسی لێڤینسۆنەوە نەخستوەتە ڕوو.
ناوبراو داوای لە کۆماری ئیسلامی کردوە کە دەستبەسەرکردنی نایاسایی هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە بە مەبەستی سیاسی ڕابگرێت. پرایس هەروەها جەختی لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی موراد تاهباز، عیماد شەرقی و سیامەک نەمازی لە زیندانەکانی ئێران کردەوە.
ئەمەریکا لە مانگی 12ی ساڵی 2020دا، سزای بە سەر دوو کەسی پلە باڵای سەربازی و ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوەکانی محەممەد باسری و ئەحمەد خەزایی سەپاند کە دەوترێت بەشدارییان لە ڕفاندن و زیندانیکردن لێڤینسۆندا هەیە.
لە ساڵانی ڕابردوودا واشنتۆن چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆسیەی لیڤینسۆن هێشتا دانەخراوە و داوای لە تاران کردووە وەڵامی باوەڕپێکراو سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو بداتەوە.
ڕابێرت لێڤینسۆن لە زستانی ساڵی 2007دا دوای ئەوەی لە دوبەیەوە گەشتێکی بۆ دوورگەی کیش کرد، دیارنەماوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک دیاریکردووە کە ببێتە هۆی دۆزینەوەی لێڤینسۆن.
ئەمەریکا دەڵێت بە پێی ئەو بەڵگانەی تا ئێستا کۆیکردۆتەوە، پێدەچێت لێڤینسۆن لە کاتی دیل بوونیدا گیانی لەدەستدابێت.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم قسانە ڕەتدەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لێڤینسۆن ساڵانێک لەمەوبەر ئێرانی بەجێهێشتووە.
سەرچاوە/ ڕادیۆ فەردا