Accessibility links

هەدەپە پیرۆزبایی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکات چاوەڕوان دەکات وتووێژیان لەگەڵدا بکات


میتات سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی خەبەرتورک پشتیوانی خۆی بۆ بەربژێرێتی کەمال کلیچدارئۆغڵو دەربڕی.

ئەو گوتی "کاندیدبوونی کیلیچدارئۆغڵو پیرۆزبێت. ئێمە چاوەڕێی سەردانەکەی دەکەین لە ناوەندی پارتەکەمان بۆ ئەوەی پێکەوە قسە بکەین".

سانجار ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ نیازێکیان نییە بەرنامەکەیان بەسەر کیلیچدارئۆغڵودا بسەپێنن و سیاسەتی دیموکراسی سەرکوت بکەن.

دەشڵێت "ئێمە پشتگیری لە داواکاریی گەل بۆ گۆڕانکاری دەکەین و وەک هەدەپە هەرچییەکمان لەسەربێت ئەنجامی دەدەین. ئامانجمان دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادییە. لە بنەڕەتدا دەمانەوێت باسی بنەماکان بکەین. نەک بۆ بازاڕکردن، بەڵکو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنەماکانی سەرۆکایەتی و پرۆسەی قۆناغی گواستنەوە و پرسە گرنگەکانی دیکە."

سانجار ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بوومەلەرزە وێرانکارەکە سەرلەنوێ بە بڕیارەکەیاندا چوونەوە بۆ کاندیدکردنی کەسێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار. بۆ ئێمە مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێککەوتنێک دەبێتە هۆی گۆڕانکاری دیموکراسی، کە پێمان وایە ئیرادەی زۆرینەی کۆمەڵگای تورکیایە. ئامانج و هەڵوێستی سەرەکیمان هێنانەدی دیموکراسی ،ئاشتی و دادپەروەریە بۆ ئەم وڵاتە. بۆیە دەتوانین بەربژێرەکەی خۆمان بکشێنینەوە و پشتگیری لە کاندیدی هاوبەش بکەین."

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، هەروەها بە تویتێک پشتگیری لە کاندیدبوونی کیلیچدارئۆغڵو کرد و لێدوانەکەی سانجاری دووپاتکردەوە و بانگهێشتی بارەگای هەدەپەی کرد بۆ گفتوگۆکردن.

کەمال کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وەکو کاندیدی شەش لایەنی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندید کرا.

بەپێی ڕێککەوتنی شەش پارتەکەی هاوپەیمانی نیشتمانی، سەرۆکی سەرجەم پارتەکان جێگری سەرۆکی تورکیا دەبن.

هەروەها لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە، سەرۆک کۆمار دەتوانێت ئەکرم ئیمامئۆغڵو لە ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش لە ئەنقەرەوە وەک جێگرەکەی دیاری بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا لە 14ی مانگی پێنج ئەنجام بدرێت.

کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئۆپۆزسیۆنی کۆمارییە و هەڵبژاردنی وەک کاندیدی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی چاوەڕوان کراو بوو.

XS
SM
MD
LG