Accessibility links

وەزیری بەرگری ڕووسیا سەردانێکی دەگمەنی بۆ سەربازەکانی لە ئۆکرانیا ئەنجامدا


لە بەیاننامە و گرتە ڤیدیۆییەکانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕۆژی شەممەدا دەرکەوتووە کە سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا سەردانێکی دەگمەنی بۆ ئەو هێزانەی ڕووسیا کردووە کە لە ئۆکرانیا جێگیرکراون و میدالیای بەخشیوەتە کارمەندانی سەربازی و لە کاتی گەشتەکەدا چاوی بە فەرماندە باڵاکان کەوتووە.

سەرۆکە سەربازییە باڵاکانی ڕووسیا تەنیا بە کەمی سەردانی هێڵەکانی پێشەوەی ئۆکرانیایان کردووە، لەوەتەی مۆسکۆ کەمێک زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دەیان هەزار سەربازی ڕووسیای ڕەوانەی وڵاتی دراوسێی کردووە و بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناوی دەبات.

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا کە لە تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، وتی شۆیگو لە سەردانەکەدا "پشکنینی بۆ پۆستی فەرماندەیی پێشەوەی یەکێک لە پێکهاتەکانی ناوچەی سەربازی ڕۆژهەڵاتی بە ئاراستەی دۆنێتسکی باشوور کردووە".

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، شۆیگو دەبینرێت کە میدالیا دەبەخشێتە کارمەندە سەربازییەکانی ڕووسیا و لەگەڵ فەرماندەی ناوچەیی، عەقید جەنەڕاڵ ڕوستەم مورادۆڤ، گەشتێک بە شارۆچکەیەکی وێرانەدا دەکەن.

ڤیدیۆی دووەم، کە وەزارەتەکە دواتری ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە، دەردەکەوێت کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ فەرماندە باڵاکان، لەنێویاندا ڤالێری جیراسیمۆڤ سەرۆکی ئەرکانی گشتی و ژەنەڕاڵ سێرگی سورۆڤیکین، یەکێک لە جێگرەکانی جیراسیمۆڤ لە هەڵمەتی ئۆکرانیا.

شۆیگو کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە وەک وەزیری بەرگری کاری کردووە، بەهۆی هەڵوێستی لە ململانێکان لەلایەن داکۆکیکارانی لایەنگری شەڕەوە ڕەخنەی توندی لێ گیراوە.

مانگی ڕابردوو یڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی بەکرێگیراوانی گروپی ڤاگنەر کە هێزەکەی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە هەوڵەکانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بینیوە، شویگو و کەسانی دیکەی بە "خیانەت" تۆمەتبار کرد بەهۆی ڕاگرتنی دابینکردنی تەقەمەنی بۆ میلیشیاکانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG