Accessibility links

عێراق فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار بەرپرسی پێشووی دەرکرد


دەسەڵاتی دادوەری عێراق ڕۆژی شەممە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار بەرپرسی پێشووی عێراق دەرکرد کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاری بۆ دزینی دوو ملیار و نیو دۆلار لە سامانی گشتی لە یەکێک لە گەورەترین ئابڕووچوونی گەندەڵی لە وڵاتەکەدا.

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە بەغدا "فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار بەرپرسی باڵای حکومەتی پێشوو دەرکردووە".

ئەو چوار کەسە کە وەزیرێکی پێشووی دارایی و ستافی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لەخۆدەگرن، بەگوێرەی بەرپرسێکی ئاژانسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، هەموویان لە دەرەوەی وڵات دەژین.

لە فەرمانی دەستگیرکردنەکاندا ناوی هیچ کام لەو بەرپرسانە نەخراوەتەڕوو، بەڵام بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەوان بریتین لە عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی و ڕائید جوحی، بەڕێوەبەری کابینەی حکومەت و ئەحمەد نەجاتی سکرتێری کەسی و مشریک عەباسی ڕاوێژکار.

عەللاوی، سیاسەتمەدار و ئەکادیمییەکی بەڕێز، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو دەستی لەکارکێشایەوە. کاتێک دوای چەند مانگێک ئەو ئابڕووچوونی گەندەڵیە سەریهەڵدا، هەموو بەرپرسیارێتییەکەی ڕەتکردەوە.

ئەلکازمی بەرگری لە پێشینەی خۆی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕایگەیاند، حکومەتەکەی ئەو دۆسیەیەی دۆزیوەتەوە و لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و ڕێکاری یاسایی گرتووەتەبەر.

ئەم دۆسیەیە کە بە "دزینی سەدە" ناوزەد کراوە، توڕەیی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوتی لێکەوتەوە.

لانیکەم ٢.٥ ملیار دۆلار لە نێوان ئەیلوولی ٢٠٢١ تا ئابی ٢٠٢٢ لە ڕێگەی ٢٤٧ چەکەوە دزراوە کە لەلایەن پێنج کۆمپانیا بە کاش کراون. پاشان پارەکە بە شێوەی کاش لە هەژماری ئەو کۆمپانیایانە وەرگیرا کە زۆربەی خاوەنەکانیان لە هەڵاتندان.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو چوار کەسە تۆمەتبارن بە "ئاسانکاریکردن بۆ گەندەڵکردنی ئەو بڕە پارانەی کە سەر بە دەسەڵاتی باجن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها دەست بە سەر سەروەت و سامانیان دەگیرێت.

محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئەو وڵاتە، لەدوای دەستبەکاربوونی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە، سوێندی خوارد، بەڕەنگاری گەندەڵی بێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG