یونیسێف ڕۆژی پێنجشەممە پێشنیاری یارمەتیدانی ئێرانی کرد بۆ چارەسەرکردنی زنجیرەیەک ڕووداو کە تیایدا زیانبەخشن بە منداڵانی قوتابخانە و بەتایبەت کچانی نەخۆش خستووە، لە ڕووداوێکدا کە هەندێک لە بەرپرسان گومانیان هەیە هێرشکردنە سەر پەروەردەی کچان بێت.
دەزگای مرۆیی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "قوتابخانە پەناگەیەکی سەلامەتە بۆ منداڵان و هەرزەکاران بۆ فێربوون لە ژینگەیەکی سەلامەت، و ڕووداوی لەو جۆرە کاریگەری نەرینی دەبێت لەسەربەرەوپێشبردنی پەروەردەی کچان کە لە دەیەکانی ڕابردوودا بەدەست هاتووە. یونیسێف ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر پشتگیرییەکی پێویست."
بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو کە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و هەواڵگری، پێویستە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بکات کە سەدان کچ لە نزیکەی 30 قوتابخانەدا لە مانگی یانزەوە نەخۆش کەوتوون.
بەشێک لەو خوێندکارانە تا ڕادەیەک نەخۆش کەوتوون کە پێویستیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە بووە. منداڵان گلەیی ئەوەیان کردووە کە هەست بە بێهێزی دەکەن یان ناتوانن بجوڵێن، هەندێکی دیکەش باسیان لەوە کردووە کە سەرئێشە و لێدانی دڵیان هەیە. هەندێکیان باسی بۆنکردنی تەنژین، کلۆر یان مادەی پاککەرەوەیان کردووە.
شەهریار حەیدەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاند: نزیک بە 900 خوێندکار لە پارێزگا جیاجیاکانی ئەو وڵاتە نەخۆش کەوتوون.
بانگەوازی ڕەئیسی بۆ لێکۆڵینەوە یەکەمجار بوو کە بە ئاشکرا باسی ئەوڕووداوانە و نەخۆشیانەی کرد کە کاریگەرییان لەسەر منداڵانی قوتابخانە هەیە.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئەو پرسە ی بەلاوە نابوو و بە شەڕی دەروونی لەلایەن دوژمنانی وڵاتەوە کە ناوی نەهێنان ،ناوی برد.
ماجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاندووە، "زیاتر لە 99%ی ئەمانە بەهۆی فشار و دەنگۆ و شەڕی دەروونییەوەیە کە بە تایبەتی لەلایەن کەناڵە تەلەفزیۆنییە دوژمنکارەکانەوە دەستیپێکردووە بۆ دروستکردنی دۆخێکی پڕ لە کێشە و گوشار بۆ خوێندکاران و دایک و باوکیان". ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجیان ئەوە بوو کە قوتابخانەکان ناچار بکەن دابخەن.
دوای چەند مانگێک لە کەمکردنەوەی ژەهراویبوونەکان، دەزگای ئیرنای سەر بە دەوڵەت ڕۆژی یەکشەممە چەندین چیرۆکی لەسەر ئەو بابەتە تۆمار کرد کە تێیدا بەرپرسان دانیان بە مەودای ڕووداوەکاندا ناوە.
داواکاری گشتی ئێران فەرمانی لێکۆڵینەوەی دەرکرد و دەڵێت "ئەگەری کردەوەی تاوانکاریی بە ئەنقەست هەیە". ئیرنا لە زاری بریکاری وەزیری تەندروستییەوە ڕایگەیاندووە، کەسانێک کە ناویان نەهاتووە، دەیانەوێت قوتابخانەکان دابخرێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا