Accessibility links

کۆمپانیای مێتا پەردە لەسەر زیرەکی دەستکردی خۆی لادەدات


کۆمپانیای مێتا کە پێشتر بە فەیسبووک ناسرابوو، ڕۆژی هەینی 24ی ئەم مانگە پەردەی لەسەر زیرەکی دەستکردی خۆی بە ناوی ڵاما ( LLaMA ) لادا.

مارک زاکێربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا دەڵێت "ئەمڕۆ ئێمە مۆدێلێکی نوێی زمانی زیرەکی دەستکرد بە ناوی ڵاما بڵاودەکەینەوە کە بۆ یارمەتیدانی توێژەران بۆ پێشخستنی کارەکانیان دروستکراوە."

ئەم زیرەکی دەستکردە لە بەرهەمهێنانی دەق، گفتوگۆ، کورتکردنەوەی دەقی نووسراو بگرە تا ئەرکی ئاڵۆزتریش وەک چارەسەرکردنی کێشەکانی بیرکاری ئەنجام دەدات، بۆ نموونە لە ڕێگای هەندێ ڕەستەوە وەک ئەوەی مرۆڤ نووسیبێتی، دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

مێتا ئەم نموونە زیرەکی دەستکردەی بە مۆدێلێکی کارا وەسف کردووە کە پێویستی بە هێز و سەرچاوەی کۆمپیوتەری زۆر کەمترە لە چاو مۆدێلەکانی تری زیرەکی دەستکرددا.

ڵاما کورتکراوەی "مۆدێلی زمانی گەورەی زیرەکی دەستکردی مێتا"یە کە بۆ توێژەران و لایەنەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەت و ئەکادیمیاکان بەردەست دەبێت.

مێتا ڕایگەیاندووە کە ئەم مۆدێلە بە یارمەتی داتا گشتیەکانی ماڵپەڕەکانی وەک ویکیپیدیا لەسەر 20 زمانی جیهانی ڕاهێنراوە.

لە کاتێکدا چات جی پی تی (ChatGPT ) دەنگدانەوەیەکی زۆری لە جیهانی تەکنەلۆژیادا دروستکردووە، مایکرۆسۆفت و گووگڵیش پێش کۆمپانیای مێتا باسیان لە ئامرازی هاوشێوە کردوە بۆ ڕکابەری لەگەڵ ئەو سیستەمەدا.

بەکارهێنانی ئاسانکارییەکانی چات جی پی تی کە بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکات، دەتوانێت شۆڕشێک لە جیهانی تەکنەلۆژیادا دروست بکات.

لە کاتێکدا مایکرۆسۆفت لە وێبگەڕەکەیدا زیرەکی دەستکردی لەسەر شێوازی چات جی پی تی بەکارهێناوە و لاسایی کردووەتەوە، لەم دواییانەشدا گووگڵ ڕکابەرێکی بۆ ئەم سیستەمە ناساندووە.

ئەو سیستەمەی کە لەسەر بنەمای زیرەکی دەستکرد لە لایەن گوگڵەوە ناسێنراوە، ناوی باردە (Bard) کە تایبەتە بە گفتوگۆکردن و لە ئێستادا وەک تاقیکردنەوەیەک بەردەستە و توانای وەڵامدانەوەی پرسیاری بەکارهێنەرانی هەیە و دەتوانێت لە گفتوگۆی جۆراوجۆردا بەشداری بکات.

لە مانگی یازدەی ساڵی 2022ەوە کە چات جی پی تی لە وێبدا خراوەتە بازاڕەوە، ئارەزووی بەرهەمهێنانی دەق لە ڕێگای زیرەکی دەستکردەوە گەشەی کردوە، هەرچەندە هەندێک لە شارەزایان دەڵێن سیستەمی زمانی زیرەکی دەستکرد زۆرجار زانیاری هەڵە پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکات.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG