Accessibility links

ئەمەریکا دوو برای پاکستانی دوای 20 ساڵ زیندانیکردنیان لە گوانتانامۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان


ئەمەریکا دوو برای پاکستانی کە "هەرگیز بە تاوانێک تۆمەتبار نەکرابوون و لە گوانتانامۆ زیندانی کرابوون، دوای نزیکەی دوو دەیە دەگەڕێنتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

عەبدولڕەبانی تەمەن 55 ساڵ و محەمەد ڕەبانی تەمەن 53 ساڵ، لە ساڵی 2002 لەلایەن دەسەڵاتدارانی پاکستانەوە لە شارەکەی خۆیان لە کەراچی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی خانووە پارێزراوەکانی ئەلقاعیدە دەستگیرکران و بە خێرایی گواسترانەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرگەی ئەمەریکا لە گوانتانامۆ.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ئەم مانگە ئازادکردنی ئەو دووبرایەی کە هەرگیز بە تاوانێک تۆمەتبار نەکراون ڕایگەیاند و گوتی "چیتر دەستبەسەرکردنیان پێویست نییە بۆ پاراستن لە هەڕەشەیەکی بەردەوام و بەرچاو بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا."

لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا مانگی ڕابردوو کۆنگرێسی لە نیازی گەڕاندنەوەی هەردوو پیاوەکە بۆ پاکستان ئاگادارکردەوە و ڕایگەیاند مەرجەکانی گواستنەوەی ئەو دوو برایە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پاکستان بڕاوەتەوە.

برایانی ڕەبانی لەدوایین زیندانییەکانن کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی جۆو بایدن بۆ داخستنی دەستبەسەرگەی گوانتانامۆی مشتومڕلەسەر، ئەو ناوەندەیان بەجێهێشتوە.

پنتاگۆن ڕۆژی پێنجشەممە هاوکاری حکومەتی پاکستان و هاوبەشەکانی دیکەی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دەستگیرکراوەکان و داخستنی دەستبەسەرگەی گوانتانامۆی بە بەرز نرخاند.

ئەو ناوەندەی دەستبەسەرکردنە کە لە بنکەیەکی دەریایی لە کوبایە، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی جۆرج بوش سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە دامەزرا بۆ ڕاگرتن و لێپرسینەوە لە گومانلێکراوانی تیرۆریستی لە دوای هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەر بۆ سەر ئەمەریکا کە لەلایەن ڕێکخراوی ئەلقاعیدەوە ئەنجامدرا، هێرشێک کە تێیدا نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکان، ناوەندی دەستبەسەرکردنی گوانتانامۆ سەرەتا نزیکەی 600 زیندانی تێدابووە کە تۆمەتباربوون بە پلاندانان بۆ کردەوەی تیرۆریستی دژ بە ئەمەریکا.

پنتاگۆن ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لە ئێستادا 32 زیندانی لە زیندانەکەدا ماون کە 18 کەسیان مافی گواستنەوەیان هەیە و 9 کەسیان لە دادگا سەربازییەکان لە قوناغی بەرگریکردندان لە خۆیان و دوو کەسیش سزادراون.

ئەم زیندانە لە مێژە لەلایەن گروپەکانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت و داوای داخستنی دەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە ئەشکەنجەدان و ڕاگرتنی درێژخایەنی زیندانییەکان دەکەن، زۆرجار بەبێ تۆمەت و دادگاییکردنیان.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG