Accessibility links

تورکیا کوژرانی "ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەستەنبوڵ" ڕادەگەیەنێت


میدیاکانی تورکیا ڕۆژی هەینی 24ی ئەم مانگە هەواڵی کوژرانی کەسێک ڕادەگەیەنن و بانگەشەی ئەوە دەکەن هۆکاری هێرشە تیرۆریستیەکەی پاییزی ساڵی ڕابردووی شاری ئیستەنبوڵە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی TRT و ڕۆژنامەی دەیلی سەباح، هێزەکانی میت و ڕێکخراوی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە 22ی ئەم مانگە لە باکووری سوریا ئەنجامیان داوە، توانیویانە خەلیل مەنجی بکۆژن.

مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە بەشی بیئۆغڵو لە شەقامی ئیستقلال کە دەکەوێتە بەشی ئەوروپی شاری ئەستەنبوڵ و شوێنێکی زۆر قەرەباڵغە بۆ خەڵک و گەشتیاران تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 81 کەسیش برینداربوون.

دوای چەند کاتژمێرێک، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ژنێکیان بە ناوی ئەحلام بەشیر دەستگیرکرد کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەوە وەک ئەندامی ڕێکخراوی پەکەکە ناسێندرابوو. ئەوان ڕایانگەیاندبوو کە ئەو ژنە جانتایەک کە بۆمبەکەی تێدابووە لە شوێنێکی قەرەباڵغی شەقامەکەدا بەجێهێشتووە و خۆی لەوێ هەڵهاتوە.

تورکیا ڕایگەیاندبوو کە هاوکارێکی هێرشەکە بە ناوی بیلال حەسەن توانیویەتی لە تورکیا هەڵبێت.

هەروەها تورکیا خەلیل مەنجی وەک کەسێکی سەرەکی ئەو هێرشە دەستنیشان کردبوو.

بەپێی بەیاننامە نوێیەکەی مێت، خەلیل مەنجی لە ناوچەی قامیشلۆی سەر بە پارێزگای حەسکە بووە و لەگەڵ سەرکردەکانی یەپەگە لە پەیوەندیدا بووە و هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لەم بەشەی باکوری سوریا ئامادەن.

شایانی باسە کە پاش تەقینەوەکە و تۆمەتبارکردنی پەکەکە لە لایەن تورکیاوە، پەکەکە ڕەتیکردەوە هیچ ڕۆڵێکی هەبێت لە تەقینەوەکەی پاییزی ساڵی ڕابردوودا و گوتی خەڵکی مەدەنی ناکەنە ئامانج.

هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو کات ڕایانگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشەوە نییە و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تویتێکدا گوتی "ئێمە رایدەگەیەنین، کە هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەی سەر ئەستەنبوڵەوە نییە و ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە، کە لە دژی هێزەکانمان بڵاوکراونەتەوە."

ڕێکخراوی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی تورکیا وردەکاری زیاتری لەبارەی چۆنیەتیی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بووەتە هۆی کوژرانی خەلیل مەنجی نەخستوەتەڕوو.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG