Accessibility links

15 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت کۆچکردن بەرەو سنوورەکانیان ڕابگرن


پانزە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کە لە بەرەی پێشەوەی کۆچبەرانن داوا دەکەن بۆ پاراستنی سنوورەکانیان لە کۆچبەران، ڕێککەوتنێک لەگەڵ وڵاتانی لایەنی سێیەمدا ئەنجام بدرێت.

وڵاتەکان ڕۆژی هەینی دوای کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژە لە ئەسینای پایتەخت سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سنوورەکان ڕایانگەیاند: "پێویستە بۆ پاراستنی سنووەرەکان ڕێککەوتنی سەلامەتی لە نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار لەگەڵ وڵاتی سێیەمی غەیرە ئەوروپی بەدرێژایی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام بدرێت".

لە ئێستادا یەکێتی ئەوروپا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دەزگا سنوورییەکانی کە بە فرۆنتێکس ناسراوە، لە وڵاتانی لایەنی سێیەمدا کاربکات تا کۆچکردن ڕابگرێت.

پانزە وڵاتی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند: ئێمە پابەندین بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پاراستنی سنووری نێودەوڵەتی کە لە وڵاتانی لایەنی سێیەمدا دابین بکرێت.

کۆچکردن لە ئەوروپا لەوەتای ساڵی 2015-2016ەوە زیاتربووە، لەو کاتەی کە زیاتر لە ملیۆنێک پەناخوازیان وەرگرت، کە زۆربەیان سوریبوون و لە شەڕی وڵاتەکەیان هەڵاتبوون.

تینێک ستریک، پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆتایی هەفتەدا لە تویتێکدا نووسیویەتی "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، یەکێتی ئەوروپا بەنیازە ئەم ڕێککەوتنانە لەگەڵ وڵاتانی غەیرە ئەوروپی ئەنجامبدات".

ستریک وتی ڕێککەوتنەکان ڕێگە بە دەزگای فرۆنتێکس دەدات پاسەوانی سنوور جێگیر بکات لەو وڵاتە و ئەرکەکانی پاراستنی سنوورەکانی یەکیتی ئەوروپا لە هاتنی لێشاوی کۆچبەران لە وێوە ئەنجام بدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆریتانیا و سەنیگال دوو وڵاتن کە لەو بارەیەوە لە گفتوگۆی پەیوەندیداردان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.

بەشداربووانی کۆنفرانسەکە - نەمسا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، کۆماری چیک، دانیمارک، ئیستۆنیا، یۆنان، هەنگاریا، لاتڤیا، لیتوانیا، ماڵتا، پۆڵەندا، ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا - هەروەها داوایان لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد پابەند بێت بە " پشتگیری دارایی" بۆ وڵاتانی ئەندامی هێڵی پێشەوە "بۆ پاراستنی ژێرخانی سنوورەکان لەوانەش بەربەستە فیزیکیەکان و تێچووی پێشوازی پەیوەست بە هاتنی کۆچبەرانەوە".

هەروەها داوای "ڕێوشوێنی زیاتریان کردووە بۆ خێراکردنی پرۆسەی ڕێکارەکان و دواتر ئەگەری ڕەتکردنەوە لەمەڕ داواکاری پەنابەری بێ بنەما".

چەندین وڵات لەوان نەمسا و یۆنان داوای کۆمەکی داراییان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆ بەهێزکردنی شوراکانیان بەدرێژایی سنوورەکانی دەرەوەی بلۆکەکە بۆ کەمکردنەوەی چوونی پەناخوازان.

بەڵام کۆمسیۆنەکە تا ئێستا دوودڵ بووە و دەڵێت "دروستکردنی دیوار و تەلی دڕکاوی" چارەسەرێکی دروست نییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG