Accessibility links

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: مردنی ژنان لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە


ڕاپۆرتێکی نوێی چوار ئاژانسی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی مەزەندە دەکات لە هەر دوو خولەکێکدا، ژنێک لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا گیانی لەدەستدەدات، کە لەبەر ئەو هۆکارانەن کە دەتوانرێت ڕێگرییان لێبکرێت.

ڕاپۆرتەکە بە ناوی "ڕەوتی مردنی دایکان لە ساڵی 2000 تا 2020" لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ، UNICEF و UNFPA لەگەڵ گروپی بانکی نێودەوڵەتی و UNDESA/بەشی دانیشتووان بەرهەم هێنراوە.

بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، ئەو داتایانەی لە ڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، پێویستە وەک زەنگێکی هۆشیارکردنەوە لێیان بڕوانرێت بۆئەوەی سەرکردەکانی جیهان هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە مردنی دایکان لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە سیستەمی چاودێری تەندروستی و ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە دەبنە هۆکاری ئەم جۆرە مردنانە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گیێبرێسیس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت "لەکاتێکدا دووگیانی پێویستە کاتێکی هیوایەکی بێئەندازە و ئەزموونێکی ئەرێنی بێت بۆ هەموو ژنان، بەڵام بە شێوەیەکی کارەساتاوی هێشتا ئەزموونێکی مەترسیدارە بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا."

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەشڵێت "ئەم ئامارە نوێیانە پێویستی دەستبەجێ دەخاتەڕوو بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو ژن و کچێک دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان بگات پێش منداڵ بوون، لە کاتی منداڵبوون و دوای منداڵبووندا."

بە پێی ڕاپۆرتەکە نزیکەی 287 هەزار ژن لە جیهاندا لە ساڵی 2020 بەهۆی هۆکارێکی پەیوەست بە منداڵ بوون گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش یەکسانە بە مردنی 800 لە ڕۆژێکدا، واتا نزیکەی دوو خولەک جارێک ژێنێک بەو هۆکارانە گیانی لەدەستدەدات.

ئەنشو بانەرجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ ڕووماڵکردنی تەندروستی گشتگیر لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت "ئەم ژمارانە نایەکسانی بەردەوام لە نێوان ئەو وڵاتانەدا نیشان دەدەن کە مافەکانی ژنان تیایاندا بنکۆڵدەکرێت."

ناوبراو گوتیشی " مەترسیەکان سەد هێندە زیاد دەکات بە پێی ئەو شوێنانەی کە منداڵی تێدا لە دایک دەبێت، بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژار بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا."

ئامارەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە. لە کاتێکدا هەندێک پێشکەوتنی بەرچاو لە کەمکردنەوەی مردنی دایکان لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2015 بەدەست هاتووە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێشکەوتنە تا ڕادەیەکی زۆر وەستاوە، و لە هەندێک حاڵەتدا بەرەو دواوە ڕۆشتووە.

بۆ نمونە لە نێوان ساڵی 2016 بۆ 2020 ڕێژەی مردن بەهۆی منداڵبوون لە ئەوروپا، باکوری ئەمەریکا، ئەمەریکای لاتین و کاریبیەن زیادی کردووە.

لە کاتێکدا ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەرزبوونەتەوە بەڵام هێشتاش بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەم هەرێمانە لە نێو نزمترین ڕێەی مردنی دایکیاندان لە جیهاندا.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات هەر لەو ماوەیەدا، لە دوو هەرێم، ئوسترالیا و نیوزیلاند لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری ئاسیا، مردنی دایکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. دیمەنەکە تەواو جیاوازە لە وڵاتانی بیابانی ئافریکا کە زۆرترین ڕێژەی مردنی دایکانیان تێدایە و لەسەدا 70ی مردنی دایکان لە جیهاندا پێکدەهێنێت.

جێنی کرێسوێڵ، پسپۆڕی پەتا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نووسەری ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە، بۆ هەر 100 هەزار لەدایک بوون لە ئافریکا لە 2020 دا 545 دایک گیانیان لەدەستداوە.

کرێسوێڵ دەڵێت " ئەم ڕێژەیە 136 هێندە زیاترە لە ڕێژەی مردن بەهۆی منداڵبوون لە شوێنێکی وەکو ئوسترالیا و نیوزیلاند کە نزمترین ئاستیان هەیە."

دەشڵێت، "کچێکی تەمەن 15 ساڵ لە چاد لە ساڵی 2020دا ئەگەری مردنی لە هەر 15 کەسێک هەیە لە ماوەی ژیانیدا بەهۆی هۆکاری دایکییەوە، ئەوەش 4 هەزار جار زیاترە لە ئەگەری مردنی لە بێلاڕووس".

لە ساڵی 2020، لە بێلاڕووس بۆ هەر 100 هەزار لە دایک بوون یەک کەس گیانی لەدەستداوە ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ 1063 کەس لە چاد.

هۆکارە سەرەکییەکان

هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە کاتی منداڵ بوون یان دووگیانی بریتین لە خوێنبەربوون، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، هەوکردنی پەیوەندیدار بە دووگیانی، گرفتەکان بەهۆی لەباربردن بەشێوەیەکی ناتەندروستانە و نەخۆشییەکانی وەکو ڤایرۆسی HIV,AIDS و مەلاریا.

ئەشنو بانەرجی دەڵێت نزیکەی هەموو ئەم هۆکارانە دەکرێت ڕێگەیان لێبگیرێت " نزیکەی نیوەی هەموو دووگیانبوونەکان بەبێ پلانن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نزیکەی 270 ملیۆن ژن لە جیهاندا دەستیان ڕاناگات بە شێوازەکانی پلاندانانی خێزانی مۆدێرن- واتە ناتوانن هەڵبژێرن کە چۆن و کەی پلانی خێزانەکانیان دابنێن. زۆربەیان ناتوانن بە شێوەیەکی سەلامەت سکەکانیان لەباربەرن، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزییەکان زیاد دەکات، لەوانەش مردنەکانی پەیوەست بە ڕێکارە ناپارێزراوەکان."

ناتالیا کانێم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، مایەی قبوڵکردن نییە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە دەکرێت ڕێگەیان لێبگیرێت گیانیان لەدەستبدەن.

ئەو گوتی " ئێمە دەتوانین و دەبێت کارێکی باشتر بکەین بە ڕێگای دەستبەجێ وەگەڕخستن لە پلاندانانی خێزانیی و پڕکردنەوەی پێداویستی 900 هەزار پەرستاری تایبەت بە منداڵ بوون لە جیهاندا، بۆ ئەوەی هەموو ژنێک بتوانێت ئەو خزمەتگوزارییەی کە پێویستییەتی بۆ پاراستنی ژیانی بەدەستی بگات.

ئەو گوتیشی " ئێمە ئامراز، زانیاری و سەرچاوەمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە مردنی دایکان کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. ئەوەی ئێستە پێویستمان خواستی سیاسییە."

ڕاپۆرتی لیسا شلاین

XS
SM
MD
LG