Accessibility links

ستۆڵتنبێرگ پێشوەچوون لە پرۆسەی هەوڵەکانی سوید بۆ ئەندامێتی ناتۆ دەبینێت


Germany's Chancellor Scholz and NATO's Stoltenberg meet in Berlin
Germany's Chancellor Scholz and NATO's Stoltenberg meet in Berlin

ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پێشکەوتن لە دانوستانە چەقبەستووەکان لەگەڵ تورکیا بەدی دەکات سەبارەت بە داواکاری ئەندامێتی سوید لە ناتۆ و ئامانجی ئەوەیە تا کاتی کۆبوونەوەی لوتکەی مانگی مانگی حەوت هەردوو وڵاتی سوید و فینلاند بچنە نێو هاوپەیمانییەکەوە.

ستۆڵتنبێرگ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تورکیا و فینلاند و سوید لە ناوەڕاستی مانگی سێدا لە بارەگای ناتۆ کۆببنەوە "بۆ چارەسەرکردنی ئەوئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە کاتێک باس لە پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوونی تورکیا دەکرێت".

ستۆڵتنبێرگ کە هەفتەی ڕابردوو لە ئانکەرە چاوی بە ئەردۆغان کەوت، بە بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو زیاتر لەسەر ئەو بابەتە گەشبینی پێوە دیاربوو.

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ستۆڵتنبێرگ گوتی " پێشکەوتن دەبینم. ئامانجم ئەوەیە هەردوو وڵاتی فینلاند و سوید تا کاتی لوتکەی ناتۆ ئەندامێتی تەوایان هەبێت." بڕیارە کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ لە 11-12ی مانگی حەوت لە لیتوانیا بەڕێوەبچێت.

پاش هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوو، سوید و فینلاند کە هەردووکیان سنووری ئاوییان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بڕیاریان دا بچنە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە.

لە سەرەتاوە تورکیای ئەندامی ناتۆ دژی ئەندامێتی هەردوو وڵات بوو و دەنگی بۆ پەسەندکردنی داواکەیان نەدا. ئێستا دەڵێت داواکەی فینلاند پەسەند دەکات بەڵام سوید ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆر بووەتەوە لەلایەن تورکیاوە.

ئانکەرە ستۆکۆڵم بە داڵدەدانی ئەو گروپانە تۆمەتبار دەکات کە تورکیا بە تیرۆرستیان دەزانێت و وەک هەنگاوێک بۆ ڕەزامەندی لەسەر ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، داوای ڕادەستکردنەوەی چەندین کەسی کردووە.

دانوستانەکانی نێوان فینلاند، سوید و تورکیا لە مانگی یەکەوە وەستاوە، دوای ئەوەی لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵم قورئانی پیرۆز لەلایەن ڕاسموس پالودان، سیاسەتمەداریکی توندڕەوی ڕاسترەوەوە سوتێندرا.

تورکیا و هەنگاریا تاکە هاوپەیمانی ناتۆن کە تا ئێستا ئەندامێتی فینلاند و سویدیان پەسەند نەکردووە، هەرچەندە بوداپێست ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەوەیە لە سەرەتای مانگی سێدا ئەو هەنگاوە بۆ هەردوو وڵات بنێت.

ستۆڵتنبێرگ گوتی، بێجگە لە بابەتی گرفتەکانی پەسەندکردنیان بە فەرمی لە ئێستادا هەردوو ئەو وڵاتەکەی باکوری ئەوورپا پارێزراوترن لەو کاتەی کە هێشتا داوای ئەندامێتی ناتۆیان نەکردبوو.

وتیشی " لەچوارچێوەی پڕۆسەی پەیوەستبوون بە ناتۆ، لەگەڵ چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی ناتۆ، لەنێویاندا ئەمەریکا، ڕێککەوتنی ئاسایشی دوولایەنەیان ئەنجامداوە."

گوتیشی بۆیە ناتۆ بێدەنگ نابێت لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی ڕووسیا بۆ سەر سوید و فینلاند .

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر سوید و فینلاند پەیوەست بن بە ناتۆوە ، هیچ مەترسییەک لەسەر ڕووسیا نابێت، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانییەکە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی سەربازی لە هەردوو وڵاتی باکووری ئەوروپا بەهێز بکات، مۆسکۆ وەڵامی دەداتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG