Accessibility links

ئەو ژنەی کە بە 15 ساڵی چووە ناو داعشەوە، سەرکەوتوو نەبوو لە وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە بەریتانیاییەکەی


شەمیمە بێگەم
شەمیمە بێگەم

ئەو ژنەی لە تەمەنی نەوجەوانیدا سەفەری بۆ سوریا کرد بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵ چەکدارێکی داعش و پاشان ڕەگەزنامەی بەریتانیای لێسەندرایەوە، ڕۆژی چوارشەممە شەڕی یاسایی خۆی دۆڕاند بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەکەی.

بڕیارەکەی دادوەر ڕۆبەرت جەی بەو مانایەیە کە شەمیمە بێگەمی 23 ساڵ کە ئێستا لە کەمپێکی پەنابەرانی باکوری سوریایە، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا.

بێگەم تەمەنی 15 ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ دوو هاوڕێی قوتابخانەی لە ساڵی 2015 ڕۆژهەڵاتی لەندەنی جێهێشت و چوو بۆ سوریا. کاتێک لەوێ بوو لەگەڵ چەکدارێکی داعش هاوسەرگیریکرد و سێ منداڵی بوو کە کەسیان ڕزگاریان نەبوو.

لە مانگی 2ی ساڵی 2019 پاش ئەوەی ساجد جاوید وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەی بەریتانیا ڕەگەزنامە بەریتانیەکەی هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی لە کەمپێکی پەنابەرانی سوریا دۆزرایەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بێ وڵات ماوەتەوە.

دادگایەکی بەریتانیا لە ساڵی 2020 بڕیاریدا کە ئەو کچە بێ وڵات نییە، چونکە "بە ڕەچەڵەک هاووڵاتی بەنگلادێشە".

دادگای باڵای بەریتانیا ساڵی ڕابردوو مۆڵەتی بێگەمی ڕەتکردەوە بچێتە بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆسیەی ڕەگەزنامەکەی. دواتر دۆسیەکەی بردە کۆمیسیۆنی تایبەتی پێداچوونەوەی دۆسیەی کۆچبەری، ناسرا بە (SIAC).

دادوەر جەی لە ڕەتکردنەوەی تانەکەی ڕۆژی چوارشەممە وتی "بەپێی دەستووری ئێمە بۆ نیشتەجێبوون ئەم پرسە هەستیارانە دەبێت وەزیری دەرەوە هەڵیانبسەنگێنێت نەک ئەم کۆمسیۆنە".

بەڵام وتیشی "هێزێکی بەرچاو" لە مشتومڕەکانی بێگەمدا هەبووە و بە بڕیارەکەی جاڤیدیش ئەوە بووە کە گەشتە کەی بە ئارەزوی خۆی بۆ سوریا "بە ئەندازەی توندوتیژییەکەی بێ هاوسۆزییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "جگە لەوەش، هەندێک شتی گرنگ لە مشتومڕەکەدا هەیە کە ئەوانەی ئامۆژگاری وەزیری دەرەوە دەکەن ئەمە وەک پرسێکی ڕەش و سپی دەبینن، لەکاتێکدا زۆرێک دەڵێن سێبەرێکی خۆڵەمێشی هەیە".

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، " خۆشحاڵە بەوەی بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندی هەڵوێستی حکومەتدا بووە."

بێگەم یەکێکە لەو سەدان ئەوروپییانەی کە چارەنووسیان دوای داڕمانی "خەلافەتەکەی دەوڵەتی ئیسلامی" توندڕەوەکان لە ساڵی 2019 پرسێکی سەختی بۆ حکومەتەکان دروست کرد.

پارێزەری بێگەم، سمانتا نایتس، لە دانیشتنی پێنج ڕۆژەی SIAC لە مانگی یازدەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، بێگەم لەگەڵ هاوڕێکانیدا "کاریگەری" پروپاگەندەکانی گروپی تیرۆرستی داعشیان لەسەر بووە.

بەڵگەیەکی "زۆر"یش هەبووە کە بەمەبەستی ئیستیغلالکردنی سێکسی و هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کەسێکی پێگەیشتوودا ، ڕاکێشراوەتە نێو ڕێکخراوەکە و گوازراوەتەوە بۆ سوریا.

پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکەی حکومەت بۆ بڕیاری لابردنی ڕەگەزنامەکەی "نائاسایی" و "زۆر بەپەلە" بووە.

جەیمس ئیدی کە نوێنەرایەتی حکومەت دەکات، وتی بیگەم "سەفەری کردووە بۆ سوریا و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەوێ ماوەتەوە و هاوڕابووە لەگەڵ داعش" و تەنها لەبەر هۆکاری سەلامەتی خاکی ژێر کۆنترۆڵی داعش بەجێهێشتووە " نەک بەهۆی جیابوونەوەی ڕاستەقینە لە گروپەکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، جاوید "بە دروستی بیری لە هەموو هۆکارەکانی کردووەتەوە" پێش ئەوەی بڕیارەکەی بدات و دۆسیەکەش سەبارەت بە "ئاسایشی نیشتمانی" بووە، نەک بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

دەرکەوتنی بێگەم سەرەتا لە وتووێژێکدا کە پەشیمانی تێدا بەدی نەکرا، توڕەیی زۆری لێکەوتەوە. بەڵام پاش ئەوە پەشیمانی لە کردەوەکانی و هاوهەڵوێستی بۆ قوربانیانی داعش دەربڕی.

ساڵی ڕابردوو لە بەڵگە فیلمێکدا ڕایگەیاند، هەر پاش گەیشتنی بۆ سوریا درکی بەوە کردووە کە داعش "خەڵک دەخاتە تەڵەوە" بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی خەلافەتەکەی تا "باش دەرکەوێت."

مەزەندە دەکرێت نزیکەی 900 کەس لە بەریتانیاوە بۆ سوریا و عێراق گەشتیان کردبێت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن. لەو ژمارەیەش پێدەچێت نزیکەی 150 کەسیان ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان لێسەندراوەتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG