Accessibility links

دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی نوێ تورکیای هەژاند، ژمارەی قوربانیان بۆ 8 کەس بەرزدەبێتەوە


بەهۆی بوومەلەرزەیەکی نوێ کە ڕۆژی دووشەممە ناوچەکانی سنووری تورکیا و سوریای گرتەوە، ژمارەی کوژراوان بۆ لانیکەم هەشت کەس بەرزبووەتەوە، دوای دوو هەفتە لە بوومەلەرزەیەکی بەرفراوان کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 47 هەزار کەس.

بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 6.4 پلە بووە و ناوەندەکەی لە شارۆچکەی دفنەی سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا بووە، ناوچەیەک کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دووەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

بومەلەرزە نوێیەکە لە چەند وڵاتێک هەستی پێکراوە، لەوانە سوریا، ئوردن، لوبنان و میسر، دواتر بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.8 پلە ڕوویدا.

ئەحمەد کیلیچ، دانیشتووی غازی عەنتاب لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا گوتی"لەناکاو بیناکە هەژاوە، یەکسەر لە نهۆمی دووەمەوە ڕامکردە خوارەوە، بە شێوەیەکی ترسناک دەلەرزیەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ترسی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، چونکە بە تەنها دەژی.

یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی غازی عەنتاب بە ناوی زەینەب دێڤێچی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دوای بوومەلەرزەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر تازە گەڕاوەتەوە ماڵەکەی خۆی و دەڵێت" دوێنێ گەڕامەوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە لەسەر شەقامین. نازانین کۆتاییمان چی دەبێت".

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا، سانا، بڵاویکردەوە، شەش کەس لە شاری حەلەب برینداربوون.

ستیفان دوجاریک وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێستا سێ دەروازەی سنووری بە تەواوی کراونەتەوە تا نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانن هاوکارییەکان بگەیەننە ناو سوریا.

گوتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان 227 بارهەڵگری ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەستی یاخیبووان کردووە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا و ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ناردنی بارهەڵگری زیاتر لە ڕێگەی هەر سێ دەروازە سنوورییەکانەوە.

لە تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پێشتر ڕۆژی دووشەممە سەردانی هاتای کرد و ڕایگەیاند، مانگی داهاتوو حکومەتەکەی دەست دەکات بە دروستکردنی نزیکەی 200 هەزار خانووی نوێ لەو پارێزگایە.

هەروەها هەمان ڕۆژ ئەردۆغان لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە، ڕۆژێک پێش بەڵێنەکانی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی 100ملیۆن دۆلاری دیکە وەک هاوکاری بۆ تورکیا و سوریا.

ئەم یارمەتییە نوێیە کۆی هاوکارییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێتە 185 ملیۆن دۆلار و پێشکەش بە گروپە نێودەوڵەتییەکان و ناحکومییەکان دەکرێت کە بەشدارن لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن و نۆژەنکردنەوە.

بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەمەریکا لێرەیە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستی دا پاڵپشتیتان بکات و تا ئەو کاتەی کە پێویست بێت بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە لەگەڵتان دەبین'.

XS
SM
MD
LG