Accessibility links

تورکیا نزیکەی 200,000 ماڵ لەو هەرێمەدا دروست دەکات کە بومەلەرزەکە لێیداوە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت تورکیا نزیکەی 200,000 ماڵی نوێ لە هەرێمەکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دروست دەکات، کە بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

لە 6 ی مانگی دوودا بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 لە تورکیایدا و بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 41,000 کەس لە تورکیا و ملیۆنان خەڵکیش بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.

ئەردۆغان گوتی نزیکەی 118,000 بینا یان ڕووخاون یان پێویستییان بەوەیە دەستبەجێ بڕووخێندرێن یان زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

بەڵێنیشیدا کارەکانی دووبارە بونیادنانەوە لە مانگی سێدا دەستپێبکەن و 199,739 ماڵ دروست بکەن، نزیکەی 130,000 لە هەرێمەکانی هاتای و کەهرامانماراس و مالاتیا دروست دەکرێن.

ئەردۆغان بەڵێنیشیدا " هیچ کام لەم بینایانە لە سێ بۆ چوار نهۆم بەرزتر نابن."

گوتی " بیناکان لەسەر زەوییەکی بەهێز و بە بەکارهێنانی شێوازی ڕاست دروست دەکرێن."

گوتیشی ماڵە نوێیەکان دوور لە هێڵەکانی هەڵەوە دروست دەکرێن و " نزیکتر دەبن لە شاخەکان." کە ئەمەش " لەو کێشانە دەیانپارێزێت کە بەهۆی زەوی فشەڵەوە دروست دەبن."

گوتیشی " لە ماوەی یەک ساڵدا دەست دەکەین بە گواستنەوەی ئەو هاوڵاتیانەمان کە لە خێمە و کۆنتێنەرەکاندا دەژین بۆ ماڵە نوێیە بەهێز و پارێزراوەکانیان."

ئەردۆغان وتیشی وڵاتەکە پەناگەی داوە بە نزیکەی 1.6 ملیۆن خەڵکە لە هەرێمەکەدا. گوتیشی تیمەکانی فریاکەوتن 114,834 کەسییان لە ژێر پاشماوەکاندا ڕزگار کردووە. هەوڵەکانی گەڕان و فریاکەوتن لە هەرێمەکاندا کۆتاییان هات، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە لە هاتای و کەهرامانماراس بەردەوام بوون.

ئەردۆغان گوتی " ئەنتاکیا و ئەسکەندەرون و ئەرسوزێکی نوێ بونیاد دەنێین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو شار و شارۆچکانەی هاتای کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە وێران بوون. شاری ئەنتاکیا دوای بومەلەرزەکە بە تەواوەتی وێران بووە، مزگەوت و کڵێسا کۆنەکانیشی کە دەگەڕێنەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر، لە ناوچوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG