Accessibility links

ئیسرائیل ڕووداوی دەرکردنی دیپلۆماتکارەکەی لە لوتکەی یەکێتی ئەفریقا سەرکۆنە دەکات


دانیشتنی لوتکەیی یەکێتی ئەفریقا لە ئەسیوپیا
دانیشتنی لوتکەیی یەکێتی ئەفریقا لە ئەسیوپیا

ئیسرائیل بە شەرمەزارکردنی ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی دیپلۆماتکاری باڵای وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو کارەی بە هاوکاری جەزائیر و باشووری ئەفریقا ڕێکخستووە.

دەوترێت کارمەندانی ئەمنی کۆنفرانسەکە لە ئەندامانی شاندی ئیسرائیل نزیک بوونەتەوە و داوایان لێکردون لە هۆڵەکە بچنە دەرەوە.

سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە تیمەکەی ئیسرائیل لە هۆڵی کۆنفرانسی یەکێتی ئەفریقا دەرکراوە و ئەمەش سەرکۆنەی تووندی ئیسرائیلی لێکەوتوەتەوە.

بەپێی هەواڵێک لە پێگەی هەواڵی واڵای ئیسرائیل، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕووداوەکەی بە شتێکی قورس بۆ وڵاتەکەی وەسف کرد و ئاماژەی بەوەداوە کە شارۆن بارلی وەک جێگری بەڕێوەبەری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، چاودێرێکی باوەڕپێکراو بووە و تاگی چوونە ژوورەوەی بۆ بەشداریکردن هەبووە.

ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە ئەندامانی شاندەکە تێگەیشتوون کە ئەفریقای باشوور و جەزائیر لە پشت ئەو هەنگاوەووە بوون، بەڵام بەرپرسێکی یەکێتی ئەفریقا ئەو قسەیەی ڕەتکردوەتەوە.

بەرپرسێکی یەکێتی ئەفریقا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە ئەو دیپلۆماتکارەی کە داوای لێکرابوو کۆبوونەوەکە بەجێبهێڵێت، بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراوە، بەڵکو بانگهێشتنامەیەکی تایبەتیان تەنها بۆ باڵوێزی ئیسرائیل لە یەکێتی ئەفریقا ناردووە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەفریقا گوتی "بەداخەوە ئەو کەسەی کە باسی لێوە دەکرێت بانگهێشتنامەکەی خراپ بەکار هێناوە."

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، پیشانی دەدات کە پاسەوانانی ئەمنی چۆن شارۆن بارلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەفریقا لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا لە پایتەختی ئەسیوپیا دەردەکەن.


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە و گوتویەتی "جێگای داخە کە دەبینین یەکێتی ئەفریقا لەلایەن ژمارەیەکی کەمی وڵاتانی توندڕەوی وەک جەزائیر و باشووری ئەفریقا بە بارمتە دەگیرێت، ئەو وڵاتانەی کە ڕق و کینەیان لێدەبارێت و لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن."

ئەو گوتەبێژ ئاماژەی بەوەشکردووە کە "پێویستە وڵاتانی ئەفریقایی دژی ئەم کارانە بوەستنەوە کە زیان بە بزووتنەوەی یەکێتی ئەفریقا و تەواوی کیشوەرەکە دەگەیەنێت."

ئیسرائیل دوای دەیان ساڵ هەوڵی دیپلۆماسی لە ساڵی 2021دا پلەی چاودێر لە یەکێتی ئەفریقا بەدەستهێنا و ئەمەش بوو بە هۆی ناڕەزایەتی ئەندامانی یەکێتی ئەفریقا، لەوانە ئەفریقای باشوور و جەزائیر و دوو وڵات باسیان لەوە کرد کە دروستکردنی ئەم پێگەیە بۆ ئیسرائیل پێشێلکردنی ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی ئەفریقایە بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان.

سەرچاوە/ ماڵپەڕی ئای 24نیوز

XS
SM
MD
LG