Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا بەڵێنی یارمەتی دارایی بەو وڵاتە دەدات


ئیلی کۆهێن- وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
ئیلی کۆهێن- وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە گەشتێکدا دەڕواتە کیێڤ بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی و سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئێلی کۆهێن، کۆماری ئیسلامیی بە دوژمنی هاوبەشی هەردوو وڵات ناوبردوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ئیلی کۆهێن بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا، لە میانی سەردانێکیدا بۆ مۆنۆمێنتی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی بوچا لە نزیک کیێڤ ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئۆکرانیا، کە ساڵێکی زۆر سەختی تێپەڕاندوە.

ئێلی کۆهێن ڕایگەیاندوە کە ئەو و زێلنسکی لەسەر ئەوە کۆک بوون کە چالاکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ئۆکرانیا دەبێ مەحکووم بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی پراکتیکی یەکلاکەرەوە لەدژی ئەوان بنێت.

وه زیری دەرەوەی ئیسرائیل زێلێنسکی دڵنیا کردوەتەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئۆکرانیا دەکات.

کۆهێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، دیمیترۆ کۆلبا، کردارەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد و گوتی ئێران بە گەشەدان بە کردەوە خراپەکانی لە ئۆکرانیا، بووەتە هۆی گەشەسەندنی زیاتری تیرۆر و ئاژاوەگێڕی و کوشتنی هاوڵاتیانی بێتاوان.

جێی ئاماژەیە کە حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ ئیلی کۆهێنی لەکاتێکدا ناردوە بۆ ئەو گەشتە کە ئیسرائیل هێشتا سزای بەسەر ڕووسیادا نەسەپاندوە و بەردەوامە لە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ مۆسکۆ لە هەموو بوارەکاندا و ڕەتیشیکردوەتەوە هیچ جۆرە کەرەستەیەکی سەربازی هەناردە بکات بۆ ئۆکرانیا و داواکاری سەرکردەکانی کیێڤشی بۆ وەرگرتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل رەتکردوەتەوە.

پێشتر کۆهێن لە یەکەم ڕۆژی کارکردنیدا لە وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندبوو کە حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل کەمتر تیشک دەخاتە سەر ئۆکرانیا و ئەم لێدوانەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی سیناتۆرە باڵاکانی ئەمریکا بووەوە.

سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG