کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕۆژی هەینی 17ی ئەم مانگە بە بەشداری سەرکردە و شاندی باڵای ٩٠ وڵاتی جیهان، کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی خۆی دەستپێکرد.
سیاسەتمەداران و ئەفسەرانی سەربازی و دیپلۆماتکارانی سەرتاسەری جیهان ڕۆژی هەینی لە میونشن کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی ئەوروپا دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
پرسی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە وەک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتێکی ئەوروپی سەیر دەکرێت، یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنفرانسی میونشنی ئەمساڵ.
نوێنەران لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە کۆبوونەوەیەکی ساڵانەیە و تیشک دەخاتە سەر بەرگری و دیپلۆماسی، هەروەها تاوتوێی کاریگەرییە جیهانییەکانی شەڕەکەی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن لەسەر پرسگەلێک وەک دابینکردنی وزەوە تا نرخی خۆراک.
لە کاتێکدا کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن شەڕی ئۆکرانیای وەک میحوەرێکی سەرەکیی وتووێژەکانی هەڵبژاردووە، بەڵام ئاسۆی کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییە زۆر تاریکە.
ماوەیەکە ڕووسیا بە کۆکردنەوەی دەیان هەزار هێزی یەدەگی سوپا و ناردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ، هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا چڕ کردوەتەوە و ڕادەستکردنی چەکی قورسی ڕۆژئاواش کە دەتوانێت بەرگری ئۆکرانیا زیاتر بکات، هێشتا وەک ئەوەی کیێڤ داوای کردووە ئەنجام نەدراوە.
بانگهێشت نەکردنی نوێنەرانی ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی بە هۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، کاردانەوەی ڕێکخەرانی کۆنفرانسی میونشن بوو بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئەم دواییە.
هەروەها وەزیری بەرگری ئیسرائیل کە لە یەکەم کەسەکان بوو کە وتاری خۆی لە دانیشتنەکەی ڕۆژی هەینی میونشن پێشکەش کرد،گوتی سەرەڕای گەمارۆکان بۆسەر ئێران، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران چەک بە نزیکەی 50 وڵات دەفرۆشێت.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئێران فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەدات بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، وەک بێلاڕووس و حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین، وەک ڤەنزوێلا. ئەو کە وڵاتەکەی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، ناوی ڕووسیای وەک وڵاتێک کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەداتێ، نەهێنا.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی میکانیزمێکی کاریگەری ڕێگری و سزادان لە دژی ئێران دەستەبەر بکات.
ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و کامالا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەنێو ئەو کەسانەدان کە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز