Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن ئەمەریکا و ئێران لەگفتوگۆی ناڕاستەوخۆدان سەبارەت بە ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان


موراد تەهباز، سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، سێ هاووڵاتی ئێرانی-ئەمریکی زیندانیکراو لە ئێران
موراد تەهباز، سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، سێ هاووڵاتی ئێرانی-ئەمریکی زیندانیکراو لە ئێران

کەناڵی هەواڵی ئێن بی سی"NBC" لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردوەتەوە کە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بە نێوەندگیری قەتەر و بەریتانیا بەردەوامە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دانوستانەکان بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە.
یەکێک لەو سەرچاوە ئاگادارانە ڕایگەیاندوە کە "لەم مانگەدا محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئاڵ سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر چاوی بە هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کەوتوە و پەیامی ئەمەریکای گەیاندوە بە ئێرانییەکان سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانییەکان."
ئێن بی سی دەڵێت بەڕێوبەرایەتی بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دانوستانە ناڕاستەوخۆکان، ڕایگەیاندوە کە چەشنێک لە گواستنەوەی پەیامەکان بۆ ئێران لە ئارادایە، بەڵام وردەکاری زۆرتریان لەو بارەیەوە نەخستوەتە ڕوو.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتویەتی "ئێمە پابەندین بە دەستەبەرکردنی ئازادی هەموو ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە بە هەڵە لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەرکراون، لەنێویاندا سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی و موراد تەهباز" و گوتیشی "بەردەوامین لە کارکردن بۆ هێنانەوەیان بۆ ماڵەوە، بەڵام لەم کاتەدا هیچ شتێکمان نییە بۆ ڕاگەیاندن."
ئێن بی سی باس لەوە دەکات کە سەرەڕای دانوستانە بێ ئەنجامەکان بۆ زیندوکردنەوەی ڕیککەوتنە ناوکییەکە و سزاکانی ئەمەریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا بڕیاری داوە بەردەوام بێت لە دانوستانەکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.
سێ سەرچاوە ئاگادارەکە بەم بابەتە ڕایانگەیاندوە کە هەردوو وڵات پێداچوونەوە بەو فۆرمولانە دەکەن کە لە ساڵی 2021دا پێشنیار کرابوون، لەوانەش ئازادکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکی بەرامبەر بە لابردنی بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئێران کە چەند ملیار دۆلاری لە بانکەکانی کۆریای باشووردا سڕ کراوە.
یەکێک لەو سەرچاوانە بە کەناڵی ئێن بی سی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری گواستنەوەی سەروەت و سامانی بەستووی ئێران لە ڕێگەی بانکەکانی قەتەرەوە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران مانگی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕ (NPR)ی ئەمەریکا هەواڵەکەی پشتڕاست کردبووە و ئاماژەی بەوەدابوو کە بەرپرسێکی بەریتانی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لەو وتووێژانەدا دەکات.

سەرچاوە/ ئێن بی سی

XS
SM
MD
LG