ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەیاننامەی هاوبەشی ئەمەریکا و میرنشینەکانی کەنداو سەبارەت بە کرداری تاران لە ناوچەکە و جیهاندا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە بەرژەوەندی ستراتیژی ئەمەریکادایە بۆ دابەشکاری و تێکدانی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.
سێهەمین دانیشتنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئەندامانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو(GCC) ڕۆژی چوارشەممە 15ی ئەم مانگە لە ڕیاز بەڕێوەچوو.
وڵاتانی بەشداری ئەو دانیشتنە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە تاران کرد کە "چالاکییە ناوکییە ورووژێنەرانەکانی بوەستێنێت و واز لە ناسەقامگیرکردنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت وکۆتایی بە پشتیوانیکردن لە تیرۆر بهێنێت و بەکارهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو و چەکی ئەلیکترۆنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی سەقامگیری ناوچەکە ڕاگرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئێوارەی پێنجشەممە هیوای خۆی دەربڕی کە وڵاتانی ناوچەکە "بە تێگەیشتنیان لە نیازی بەرژەوەندیخوازانە و سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا" بە ئاراستەی ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچەکە هەنگاو هەڵگرن.
ناسر کەنعانی ئاماژەی بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و شەش وڵاتی کەنداوی سەبارەت بە پشتیوانیی چەکداریی ئێران لە هێزەکانی حوسییەکان بە "تۆمەتی دووبارە و بێزارکەر" وەسف کرد.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دابینکردنی چەک بۆ حوسییەکان "شەڕی ئەو وڵاتەی درێژکردووەتەوە و کارەساتی مرۆیی لە یەمەن قورستر کردووە".
شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی گەشتێکی چوار ڕۆژیدا بۆ سعودیە، کۆمەڵێک دانیشتنیان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێویستی پێشخستنی بەرگریی هاوبەشی مووشەکی و ئاسمانی لە بەرامبەر هەڕەشەکان و کۆمەڵێک پرسی دیکەی پەیوەست بە ئێرانەوە بەڕێوەبرد.
سعودیە کە کاریگەرییەکی سەرەکی لە ئەنجومەنی هاوکاری کەنداودا هەیە، لە هەشت ساڵ لەمەوبەرەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئاڵۆزە و باش نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێنج خولی دانوستان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و ڕیاز بە نێوەندگیریی عێراق بەردەوامە و سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەتی ڕاگەیاند کە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەردەوام بوون لە دانوستانەکان.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا
کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە بەیاننامەی هاوبەشی ئەمەریکا و ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو