Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی تورکیا، ئەڵمانیا و یۆنان دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە 16 بۆ 22ی مانگی دوو بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و چاودێریکردنی هەوڵەکانی وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بۆ ئەو بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریای گرتەوە، گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا، تورکیا و یۆنان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بلینکن لە 19 ی مانگ سەردانی بنکەی ئاسامانی ئینجرلیک لە باشوری تورکیا دەکات " بۆ ئەوەی بە چاوی خۆمان هەوڵەکانی ئەمەریکا ببینین بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە وەڵامدانەوەی ئەو وێرانکاریانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی 6ی مانگی دوو ڕوویداوە."

هەروەها دەشڵێت " پاشان دەچێت بۆ ئانکەرە، لەوێ لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ تورکیا و گەلی تورکیا دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکان، هەروەها ڕێگاکانی زیاتر بەهێزکردنی هاوبەشیمان لەگەڵ تورکیا وەک هاوپەیمانێکی بەنرخی ناتۆ."

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی درەوەی ئەمەریکادا باسیش لەوە کراوە کە بلینکن سوپاسی تورکیا دەکات بۆ پشتیوانییەکانی لە کردنەوەی سنور بۆ ناو سوریا تا هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە ئەو کەسانەی کە لە ناو سوریا بوومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندوون.

وەزارەتی دەرەوە باس لە کارنامەی وەزیری دەرەوە لە یۆنان دەکات و دەڵێت لە ئەسینا "لەگەڵ میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، دێندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان و ئەلێکسیس سیپراس، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوکاری بەرگری، ئاسایشی وزە، و پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی."

ئەنتۆنی بلینکن لە 21 ی ئەم مانگە خولی چوارهەمی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمەریکا و یۆنان دەستپێدەکات.

XS
SM
MD
LG