Accessibility links

پاش بوومەلەرزەکە بەشێک لە کوردەکانی حەلەب ڕوو لە هەرێمی شەهبا دەکەن


بوومەلەرزەکەی 6ی دوو کە باکوری سوریا و باشووری تورکیای گرتەوە، زیانێکی زۆری بە زۆرێک لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب گەیاندووە.

لە هەردوو ناوچەی کوردنشینی ئەم شارە، واتا شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، زۆرێک لە باڵەخانەکان زیانیان بەرکەوتووە و لە لێواری ڕووخاندان و چیتر جێگەی نیشتەجێبوون نین، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە، کە بەشێکی زۆریان کوردەکانی عەفرینن جارێکی تر دەربەدەر بوونەتەوە و شاری حەلەب جێ دەهێڵن و بەرەو کەمپی پەنابەرانی شەهبا دەڕۆن.

سەمیرە مستەفا، یەکێکە لەو ئاوارانەی لە حەلەبەوە هاتووە بۆ کەمپی شەهباو لەلای کچەکەی دەژێت باسی لە نەهامەتییەکانیان دەکات و دەڵێت"کچەکەم پێشتر عەفرینی بەجێهێشتووە، ئێستا لە حەلەبەوە هاتووین بۆ لای، نازانین نەماندەزانی ڕوو لەکوێ بکەن، خانووەکەمان لە حەلەب خەریک بوو بەسەرماندا بڕوخێت."

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ناوچەی عەفرین کە کاروباری ناوچەی شێهبا بەڕێوەدەبات، لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە سێ هەزار خێزانی کورد لە شاری حەلەبەوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی شەهبا.

ئەم لێقەوماوانەی بوومەلەرزە لەگەڵ هاتوونەتە لای کەسوکارەکانیان کە پێشتر ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و لە ناوچەی شێراوا و پەناگەی شەهبا نیشتەجێ بوون، بۆیە پێویستیان بە هاوکارییەکی زۆر هەیە.

گوڵستان محەمەد عەلی، کە جارێکی دیکە ئاوارە بووەتەوە، بەم شێوەیە باسی لە دۆخەکە کرد بۆ دەنگی ئەمەریکا "بەهۆی بوومەلەرزەکە خەڵکێکی زۆر هاتوونەتە کەمپەکە، پێویستییەکی زۆرمان هەیە و هیچ هاوکارییەکمان نییە، پێویستمان بە هاوکاری هەیە پێویستمان بە ڕاخەر و بەتانی هەیە، منداڵمان هەیە کە پێویستیان بە شیرە."

خۆراک و ئاو و برێک پێداویستی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ناوچەکە بۆ ئاوارەکان دابین کراوە، بەڵام گەمارۆکانی ڕژێمی سوریا لەسەر ناوچەکەو نەگەیشتنی هاوکارییەکان لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییە جیهانییەکان دەرفەتەکانیانی سنوردار کردووە.

بەهۆی بوومەلەرزە کوشندەکەی شەشی مانگی دوو کە تورکای و سوریای گرتەوە هەتا ئێستا مەرگی زیاتری لە 35 هەزار کەس لە هەردوو وڵاتدا پشتڕاست کراوەتەوە و بە دەیان هەزار کەسی تریش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG