Accessibility links

گەیاندنی هاوکاریەکانی هەرێم بە سوریا ئاستەنگی دێتە پێش


هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ تورکیا و سوریا
هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ تورکیا و سوریا

لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕەزامەندی لە تورکیا وەرگیراوە بۆ گواستنەوەی ئەو هاوکاریانەی کە لەلایەن کەمپەینی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمەوە کۆکراونەتەوە، بەڵام گەیاندنی هاوکارییەکان بە سوریا بەهۆی داخستنی رێگەکانەوە ئەستەمە.

رێکخراوی خێرخوازی بارزانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک بارهەڵگری پڕ لە پێداویستی گەیاندووەتە تورکیا و شارۆچکەی عەفرینی سوریا، کە لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە رەزامەندییان بۆ وەرگیرابوو. ئەو هاوکاریانەش کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەربەیەکگرتووی ئیسلامی و چالاکوانانی سلێمانییەوە کۆکراونەتەوە، ئەمڕۆ دووشەمە بەرەو تورکیا بەڕێخران.

حاجی کاروان، بانگخواز و یەکێک لەسەرپەرشتیارانی کەمپەینی رێکخراوەکانی سەربە یەکگرتووی ئیسلامی، کە لەکاتی قسەکردنیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەڕێگەوەبوو بەرەو سنوری تورکیا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، وتی"گرفتی گەورەی هەموو کەمپەینەکانی هەرێم ئەوەیە، ڕێگەی راستەوخۆ نییە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە سوریا، دەبێت پێداویستییەکان ببەینە تورکیا و لەوێوە ڕەزامەندی سوریا وەربگرین و بیانگەیەنین."

رێگەی نێوان هەرێمی کوردستان و سوریا بە پاساوی ئەمنی داخراوە، سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکان لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ سوریا شکستیان هێناوە، چاویان لەسەر ئەوەیە هاوکارییەکان لە تورکیاوە ببەنە ئەو وڵاتە.

حاجی کاروان، وتیشی "گەیاندنی هاوکارییەکان بە تورکیا ئاسانە بەو پێیەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە رەزامەندیمان بۆ وەرگیراوە، سەرجەم پێداویستییەکانمان بە لیست داوەتە کونسوڵی تورکیا و ئەویش داویەتی بە سنورەکان و لەوێوە دەیانبەین."

یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕێگەی سێ رێکخراوی نزیک لە خۆی ( هانا، رابیتەی ئیسلامی و بەختەوەری) کەمپەینی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم ئەنجامدا، بە پێی وتەی سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکان، سەرووی 80 ملیۆن دیناری عێراقی و 32 بارهەڵگر کاڵاو شمەکیان کۆکردووەتەوە.

لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش چەندین کەمپەین ئەنجامدران، سەرجەم کەمپەینەکان یەکخراون و بەپێی وتەی یەکێک لە سەرپەرشتیاران، بڕی یەک ملیار دینار و 30 بارهەڵگر کاڵاو شمەکییان کۆکردووەتەوە.

مەلا یاسین، یەکێک لەسەرپەرشتیارانی کەمپەینەکانی پارێزگای سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"رێگەی ئەمین نییە بۆ گواستنەوەی ئەو پارەی کۆمان کردووەتەوە، بۆیە پارەکە دەدرێتە خۆراک و پێداویستی و دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تورکیا و سوریا."

ئەو وتیشی"رێگەی سوریا نییە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی لە تورکیا وەرگرتووە،هەماهەنگی کراوە بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان، هەوڵی گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ سوریاش دەدەین."

بەشێکی زۆر لەو کاڵاو پێداویستییانەی لەلایەن کەمپەینەکانەوە کۆکراونەتەوە، کاڵاو شمەکی بەکارهاتوون، لە کاتێکدا تورکیا ڕەتیدەکاتەوە ئەو کاڵاو شمەکانە وەربگرێت کە پێشتر بەکارهێنراون بە بیانووی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

چالاکوانان و سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکان ئاماژەبەوەدەکەن، ناچارن پابەندبن بەو ڕێوشوێنانەی تورکیا لەکاتی تێپەڕاندنی هاوکارییەکان بۆ نێو وڵاتەکەی دەیانگرێتە بەر.

بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان و سەرپەرشتیاری کەمپەینی رێکخراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"گواستنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان رێگری لەبەردەمیان دا نییە، رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و بارهەڵگر ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان بۆ سوریا و تورکیا."

XS
SM
MD
LG