Accessibility links

پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا بەڵگەنامەی نەهێنی لە ماڵی جێگری پێشووی دۆناڵد ترەمپدا دەدۆزێتەوە


دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەت لە ماڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و لە ماڵی جۆو بایدن، سەرۆکی ئیستای ئەمەریکا، جارێکی دیکە بەڵگەنامەی نهێنی حکومەت لە ماڵی تایبەتی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆزرایەوە.

پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) ڕایگەیاندوە بەڵگەنامەکانی حکومەتیان لە کاتی گەڕان بە ماڵی تایبەتی مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆزیوەتەوە.

کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن دەڵێت مایک پێنس لە کاتی گەڕانەکەدا لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی ئیندیانا ئامادە نەبووە و لەبری ئەوە یەکێک لە پارێزەرەکانی لەوێ بووە.

پێشتر وەزارەتی دادی ئەمەریکا و پارێزەرانی ڕایگەیاندبوو کە خوودی پێنس ڕایگەیاندوە کە ئامادەی هاوکاریی تەواوە و کێشەی لەگەڵ گەڕانی ماڵەکەیدا نییە.

گەڕانی ماڵی پێنس ڕۆژی هەینی 10ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە و تێیدا بەڵگەنامەگەلێک بە مۆری نهێنی و شەش کاغەزی دیکە دۆزراوەتەوە کە مۆری نهێنییان لەسەر نەبووە.

یەکێک لە پارێزەرانی پێنس ڕایگەیاندووە لە مانگی یەکیشدا ژمارەیەکی کەم بەڵگەنامە کە زانیاری نهێنییان تێدایە، لە ماڵی جێگری سەرۆکی پێشوودا دۆزراونەتەوە.

بە وتەی پارێزەری پێنس، ئەو بەڵگەنامانە بە هەڵە و بەبێ مەبەست کۆکراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ماڵی ئەو ئەندامەی پارتی کۆمارییەکان.

چەند هەفتە لەمەوبەر بەڵگەنامەگەلێک بە مۆری نهێنی لە ماڵی جۆو بایدن دۆزرایەوە کە پەیوەندییان بەو سەردەمەوە هەبووە کە تێدا جێگری سەرۆک ئۆباما بووە.

هەروەها هاوینی ساڵی ڕابردووش دۆزینەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە ماڵی ترەمپ لە شاری مارلاگۆ مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.

پێنس لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ جێگری دۆناڵد ترەمپ بووە و پێشبینیش دەکرێت کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ لە پارتی کۆمارییەکان بێت.


سەرچاوەکان/نیویۆرک تایمز-سی ئێن ئێن

XS
SM
MD
LG