Accessibility links

سەرۆک بایدن بۆ یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشی ئۆکرانیا سەردانی پۆڵەندا دەکات


کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 20 بۆ 22ی شوبات بۆ یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گەشت دەکات بۆ پۆڵەندا.

جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، بایدن بە ڕوونی باسی لەوە دەکات کە هاوکاری و یارمەتییە ئەمنییە زیادەکان لە ئەمەریکاوە دێت.

کیربی وتی: سەرۆک کۆمار زۆر بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمەریکا تا ئەو کاتەی کە پێویستە لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن.

یاریدەدەرانی بایدن چەند هەفتەیەکە پلانیان داناوە کە چۆن ساڵیادی لەشکرکێشییەکە بەڕێوەدەبەن، لەنێویاندا ئەگەری هەیە وتاری سەرەکی بێت. یاریدەدەرەکان بە هیوای ئەوەن کە لە مانگە نادیارەکانی داهاتوودا جەخت لەسەر خۆڕاگری گەلی ئۆکرانیا بکەنەوە لەگەڵ بەردەوامی یەکێتی نێوان هاوپەیمانان.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا ئەندرێج دودا و هاوپەیمانەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کۆدەبێتەوە و باس لە ئۆکرانیا دەکات.

جێی بەبیرهێنانەوەیە ڕووسیا لە 24 ی شوباتی 2022 دا ئۆکرانیای داگیرکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG