Accessibility links

کاریگەری بوومەلەرزەکانی تورکیا لەسەر هەڵبژرادنەکانی ئەو وڵاتە


بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە 10ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە بوومەلەرزە ترسناکەکەی ئەو وڵاتە کێشەی جددی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە لە بەهاردا دروست دەکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەم لێدوانەی بەرپرسی حکومەتی تورکیای بە یەکەم نیشانەی ئەو ئەگەرە دەزانێ کە حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بیر لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکاتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پارتی "داد و گەشەپێدان" هیوادارە بتوانێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کە بڕیار بوو لە 14ی مانگی 5 دا بەڕێوە بچێت، بەردەوام بێت لە سەرکردایەتییەکەی.

بەڵام ڕاپرسییەکان پێش بوومەلەرزە ترسناکەکەی ئەم هەفتەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵبژاردنە قورسترین تەحەدا و پرسی بەردەم ژیانی سیاسی ئەردۆغان دەبێت.

هەڵاوسانی قورس و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان لە ماوەی ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا، جەماوەر و لایەنگرانی ئەردۆغانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە خۆی ٢٤ ساڵ لەمەوبەر دوای بوومەلەرزە کوشندەکەی ساڵی 1999ی تورکیا بەهۆی ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە هاتە سەر دەسەڵات، ئێستا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ بوومەلەرزەکەی ئەم هەفتەیەدا.

چاودێران دەڵێن ڕەنگە ئاکامی سیاسی کارەساتەکە لە ئێستادا ڕوون نەبێت، بەڵام تەحەدا و کێشەی لۆجستیکی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا ڕوون و ئاشکرایە.

ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، نزیکەی 13 ملیۆن کەسی تێدایە و سەدان هەزار کەسیش دوای وێرانبوونی بیناکانیان پێویستیان بە پەناگە هەیە.

بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندوە کە هەرچەندە زۆر زووە باس لە هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام کێشەی جددی هەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوە کە حکومەت چاودێری پێشهاتەکان دەکات و گوتویەتی "لە ئێستاوە باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لەو ناوچانەدا ڕاگەیەندراوە، ناوچەیەک کە 15%ی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنێت و نزیکەی 10%ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەرهەمدەهێنێت."

لە کاتێکدا دوو بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە بە گوڕی 7.7 و 7.6بەرەبەیانی و نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا ڕوویاندا، بەڵام ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە دەستیکرد بە سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە لەسەردانەکەی بۆ شاری مراش دانی بەوەدانا کە حکومەت بەرامبەر بە کارەساتەکە لەسەرەتاوە کەمتەرخەمی نواندوە و گوتی "بەڵام هیچ وڵاتێک لە جیهاندا بۆ کارەساتێکی لەو شێوەیە ئامادەگی نییە."

سەرۆکی تورکیا هەروەها بەڵێنی دا کە حکوومەت بتوانێت لە ماوەی یەک ساڵدا خانوو بۆ هەموو ئەو ڕزگاربووانە دروست بکات کە ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە.

ڕەخنەکان سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بەپەلەی تورکیا بۆ بوومەلەرزەکە لە زیادبووندایە و ڕزگاربووان و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن حکومەت بە خاوبوون و ناتەواوی هەوڵەکانی فریاگوزاری تۆمەتبار دەکەن.

جان دوندار ڕۆژنامەنووسی تورک و سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی جمهوریەت کە لە دەرەوەی تورکیا دەژیت و بە تۆمەتی سیخوڕی و پاڵپشتی گرووپێکی تیرۆریستی بە شێوەی غیابی لە لایەن تورکیاوە ٢٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە گرتەیەکی ڤیدیوییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندوە کە ئەردۆغان دوای بوومەلەرزەیەکی ساڵی ١٩٩٩ هاتوەتە سەر دەسەڵات و بەهۆی بوومەلەرزەوەکانی ئەم دواییانەشەوە لەسەر دەسەڵات نامێنێت.

لەم دۆخەی ئێستادا هەموو سیاسەتمەدارانی حکومەت و ڕکابەرە سیاسییەکانی تورکیا لەسەر یەک شت کۆکن، ئەویش ئەوەیە کە دەرئەنجامەکانی ئەم کارەساتە سروشتییە بۆ دەیان ساڵ کاریگەری لەسەر تورکیا دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG