Accessibility links

بەشار ئەسەد تا چەند دەتوانێت بوومەلەرزەکەی سوریا بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکاربهێنێت؟ 


شرۆڤەکاران دەڵێن بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا هەوڵی بەرژەوەندی سیاسی دەدات لەو بوومەلەرزەی کە ناوچەیەکی زۆری سوریا و تورکیای وێرانکردووە و دەشڵێن سەرۆکی سوریا هەوڵدەدات لە گۆشەگیری نێودەوڵەتی دەربچێت و هەر بۆیەش پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی هاوکارییە دەرەکییەکان لە ڕێگەی خاکی سوریاوە بنێردرێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز لە میانەی شەپۆلێکی هاوسۆزی نێودەوڵەتی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی سوریا، دیمەشق دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە بۆ دووبارەکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ یارمەتی لە ڕێگەی حکومەتەکەیەوە، کە ڕۆژئاوا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011ەوە خۆی لێی بەدوور گرتووە.

زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هیچ نیشانەیەکی ئامادەبوونیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە یان دووبارە پەیوەندیکردنیان لەگەڵ ئەسەد نیشان نەداوە، بەڵام دەوترێت بەهۆی سەختییەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان لە تورکیاوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی دژی ئەسەدە، پێگەی ئەسەدی لەم بارەیەوە بەهێزتر کردوە.

دیمەشق ڕایگەیاندووە کە هاوکارییەکان بۆ دژبەرانی لە باکووری سوریا دەبێت لە ڕێگەی حکوومەتەکەیەوە ڕەوانە بکڕیت نەک ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سنووری تورکیاوە.

ئارۆن لوند، شارەزای کاروباری سوریا لە دامەزراوەی سەدە لە شاری نیویۆرک لەم بارەیەوە دەڵێت "ئەوە بەڕوونی دیارە کە لەم قەیرانەدا جۆرێک لە دەرفەت بۆ ئەسەد هەیە کە نیشان بدات کە دەبێت لەگەڵ من یان لەڕێگەی منەوە کاربکەیت."

ئەو دەشڵێت " ئەگەر ئەسەد زیرەک بێت، پێویستە ئاسانکاری بکات بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆی و ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی وەک ئەکتەرێکی بەرپرسیار دەربکەوێت، بەڵام ڕژێمی ئەسەد زۆر سەرسەختە."

ڕۆژئاوا لە مێژە خۆی لە ئەسەد بەدوور گرتووە بەهۆی دڕندەیی حکومەتەکەی لە ماوەی زیاتر لە 11 ساڵ شەڕی ناوخۆدا کە سەدان هەزار کەسی کوشتووە و ملیۆنانی دیکەشی ناچار کردووە کۆچ بکەن و وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.

بەڵام ساڵانێکە هێڵەکانی پێشەوە گیراون و ئەسەد بە پاڵپشتی ڕوسیا و ئێران گەورەترین بەشی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەو ئەگەر و پێشنیازەی ڕەتکردەوە کە بومەلەرزەکە بتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ پەیوەندی دوبارەی واشنتن لەگەڵ دیمەشقدا و ڕایگەیاندوە کە هەوڵ دەدات یارمەتییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە نەک حکومەتەوە، بگەیەنێتە دەستی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس لەم هەفتەیەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "بۆ ئێمە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتێکدا کە زیاتر لە دە ساڵە بە شێوەیەکی دەڕەندانە لەگەڵ خەڵکەکەی دەجوڵێتەوە و بە گاز دەیانگوژێت و کۆمەڵکوژی کردوون، نەک تەنها هیچ واتایەکی نییە، بەڵکو کاریگەری زۆر خراپیشی دەبێت."

هەروەها فرانسوا دێلماس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە هاوکارییەکانی فەرەنسا "لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەموو ئەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتووە" دابەش دەکرێت و گوتیشی ئەو هاوکارییە بۆ سوریاییەکان بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری نییە لە "رێبازی سیاسی" فەرەنسا بەرامبەر حکومەتی بەشار ئەسەد.

بەڵام هەندێ لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و هاوپەیمانانی ئەمەریکا، لەوانەش شای ئوردن و سەرکردەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میسر لە دوای بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی ناوچەکەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئەسەد هەیە.

میدیاکانی دەوڵەتی سوریا بڵاویانکردوەتەوە کە ئوردن و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە سەردەمانێک پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوون لە دژی ئەسەد، لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد ئاسایی کردوەتەوە و هاوکارییان بۆ دیمەشق ناردووە.

XS
SM
MD
LG