Accessibility links

فەرەنسا بەڵێنی بڕی 12 ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوکاری خەڵکی سوریا دەدات


دایک و باوکێکی سوریایی شیوەن بۆ مەرگی کچەکەیان دەکەن کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانی لەدەستداوە
دایک و باوکێکی سوریایی شیوەن بۆ مەرگی کچەکەیان دەکەن کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانی لەدەستداوە

فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە بەڵێنی بەخشینی 12 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 13 ملیۆن دۆلار)ی داوە بۆ هاوکاریی فریاگوزاری سوریاییەکان، پاش ئەو بوومەلەرزەیەی کە سەرەتای ئەم هەفتەیە تورکیا و سوریای دراوسێی گرتەوە.

فرانسوا دێلماس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند هاوکارییەکان "لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتووە" دابەش دەکرێت.

دوای نزیکەی 12 ساڵ شەڕی ناوخۆ، سوریا لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، جیهادییەکان، سەرهەڵداوانی ئۆپۆزسیۆن و بەڕێوەبەرایەی خۆسەری کوردەکاندا دابەش بووە.

بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر، هەردوو ناوچەی ژێردەستی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی گرتووەتەوە.

زۆرێک لە قوربانییەکان لە دوا مۆڵگەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب دەژین، کە ناوچەیەکی دابڕاوە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕێگەی یەک دەروازەی سنوورییەوە لەگەڵ تورکیا، هەوڵیان داوە یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەنن.

دیلماس وتی بەڵێنی هاوکارییەکەی فەرەنسا بریتییە لە پێنج ملیۆن یۆرۆ بۆ سندوقێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکاری بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا پێشکەش دەکات.

پێنج ملیۆن یۆرۆی دیکەش دەچێت بۆ "چەند ڕێکخراوێکی ناحکومی فەرەنسی و نێودەوڵەتی کە کار لەسەر هەوڵەکانی فریاگوزاری دەکەن لە کەرتەکانی تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوون، ئاو، کەرەستەی پاکژکردنەوە و پاکوخاوێنی."

دوو ملیۆن یۆرۆکەی دیکەش " لە ژێر پێداچوونەوەدایە" بۆ هاوکاری خۆراکی بەپەلە.

گەلانی ڕۆژئاوا ڕەتیانکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕژێمی دیمەشقەوە هەبێت کە بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاووڵاتیانی مەدەنی لە کاتی ناکۆکییەکاندا سزای بەسەردا سەپێنراوە.

دیلماس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوکارییە بۆ سوریاییەکان بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری نییە لە "رێبازی سیاسی" فەرەنسا بەرامبەر حکومەتی بەشار ئەسەد، هەروەها پاریس هێشتا پشتگیری لە ڕێگەچارەیەکی سیاسی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

بەهۆی بووملەرزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە نزیکەی 18 هەزار کەس لە هەردوو وڵاتی سوریا و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسی تریش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG