Accessibility links

وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا


باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا
باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا

وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا بریتییە لە پەیامی سەرۆک بۆ کۆنگرێس و وەک بارێکی باو سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی دووی هەموو ساڵێکدا ئەو وتارە پێشکەش دەکات لەناو باڵەخانەی کۆنگرێسدا.

لە پەیامە ساڵانەکەیدا سەرۆکی ئەمەریکا قسە لەسەر دۆسێ گرنگەکان دەکات لە پەیوەندی بە گەلی ئەمەریکاوە و هەروەهاش بیرۆکەکانی خۆی دەخاتە ڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو ئەمەریکا، هەروەها پێشنیازی یاسا و سیاسەتی نوێش دەکات.

لە دەستوری ئەمەریکادا هاتووە، پێویستە سەرۆکی وڵات ناوبەناو وتاری ساڵانەی خۆی بدات لەبەردەم کۆنگرێسدا. هەندێک لە سەرۆکەکان بە نوسین وتارەکەی خۆیان بە نوسین خستۆتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرێس و هەندێکیشیان، لەبەردەم ئەنداماندا وتارەکەی خۆیان خوێندۆتەوە.

لە شەوی پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی سەرۆکدا، ئەندامانی هەردوو خانەی کۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و سینات) لە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە دەبن و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا "کە هەر خۆی سەرۆکایەتی سیناتیش دەکات" ئامادە دەبن.

وەک بارێکی باو، یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە نابێت لە کاتی وتارەکەدا، تا ئەگەر شتێکی نەخوازراو ڕوویدا و لە ئاکامدا سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی تری بەڕێوبەرایەتی و ئامادەبووانی ئەو دانیشتنەی سەرۆک وتارەکەی تیادا پێشکەش دەکات شتێکیان لێ بەسەرهات، ئەوا دەستبەجێ ئەو ئەندامەی کابینە ئەرکەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە ئەستۆ دەگرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ شەوی وتارە ساڵانەکەی، ژمارەیەک هاووڵاتی ئەمەریکایی بانگهێشت دەکات بۆ کۆنگرێس. ئەو هاووڵاتیانەی بانگهێشت دەکرێن لەوانە دەبن کە کارێکی گرنگیان ئەنجامداوە و کاتێکیش سەرۆک وتارەکەی پێشکەش دەکات، ناویان دەهێنێت و ستایشیان دەکات بۆ کارە گرنگەکانیان.

دوابەدوای وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا، وەڵامی لایەنی ئۆپزسیۆن هەیە. ئەم وتارەش دەرفەتێکە بۆ لایەنی ئۆپزسیۆن تا ڕوانینی خۆی دەرببڕێت لەسەر قسەکانی سەرۆک و پێشنیازی جیاواز لە پێشنیازەکانی سەرۆک دەخاتە ڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG