Accessibility links

سۆسیالیست: ئێمە هێز دروست ناکەین، حکومەت کەی توانای دامەزراندنی هەزار کەسی بۆ سۆسیالیست هەیە؟


بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ڕەتیدەکاتەوە پارتەکەی هێزی تایبەت دروست بکات، هۆکاری قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لە گوندی گوڵەخانەی بارەگای سەرەکی حزبەکەی بۆ ناونوسینو کارکردن لە رێکخراوێکی خێرخوازی دەگێڕێتەوە.

ئامانج جەمال، بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە بارەی کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لەبەردەم بارەگای سەرەکی حیزبەکەی لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بەهیچ شێوەیەک هێز دانەمەزرێنین، ئێمە پێشمەرگەی دانەمەزراومان هەیە و لە ناوخۆمان دا پێی دەڵێین فەل، مانگانە لە پارەی ئابوونەوە هاوکارییان دەکەین، ئیتر چۆن هێزی تر دابمەزرێنین."

ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی هێز لەلایەن بەرپرسەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەمە، خەڵکێکی زۆر لەبەردەم بارەگای پارتەکە کۆبوونەوە و میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردەوە، گوایە پارتی سۆسیال دیموکرات هێزێکی هەزار کەسی دادەمەزرێنێت.

بەڵام ئامانج جەمال، وتی"هەزار کەسمان لە کوێ بۆ دادەمەزرێنرێ، حکومەت کەی توانای ئەمەی هەیە، ئێمە ڕێکخراوی شەهید عەتای خێرخوازیمان هەیە، ئەم ڕێکخراوە بە هاوکاری کۆمەڵێک سەرمایەدار هاوکاری خەڵک دەکات، ئەو خەڵکە هاتبوون لە ڕێکخراوەکە ناو تۆمار بکەن."

لەبەرانبەردا، بەرپرسێکی باڵای پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئامانج لەناونوسینی خەڵک بۆ دروستکردنی فەوجێکی پێنجسەد کەسییە بۆ کوڕێکی کاک محەمەدی حاجی مەحمود."

هەروەها وتیشی"ئێمە 500 کەسمان دەویست، بەڵام دووهەزار کەس ڕژابوونە بەردەم گوڵەخانە، بۆیە کێشمەکێش و قاڵە قاڵ، واسیتەو واسیتەکاری دروستبوو، لیژنەکە ناچاربوو کارەکانیان ڕاگرت."

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە ڕێبین محەمەد حاجی مەحمودەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە دروست نەبوو.

XS
SM
MD
LG