Accessibility links

ئەردۆغان باری نائاسایی لە 10 پارێزگا ڕادەگەیەنێت


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لە 10 پارێزگای باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووەو هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەهۆی خراپی کەشو و هەوا بەفربارین هەندێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی گەیشتن بە ناوچە دابڕاوەکەی نزیک سنوری سوریا داخراوە ئەمەش وایکردووە کارەکانی فریاکەوتن سەخت بکات و گەیشتنی خۆراک و ئاوی خواردنەوە بە ناوچەکە درەنگتربکات.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بەپەلە دەگیرێتەبەر بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان " ئێمە بڕیارمان دا باری نائاسایی ڕابگەیەنین تا دڵنیابین لەوەی کاری ڕزگارکردن و هاتنەوە سەرخۆ بە خێرایی ئەنجام بدرێت."

دەشڵێت "بەخێرایی پڕۆسەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی پەیوەست بەو بڕیارە تەواو دەکەین، کە ئەو 10 پارێزگایەمان دەگرێتەوە کە بوومەلەرزەکە کاری تێکردوون بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا فشارێکی زۆر هەیە لەسەر حکومەتەکەی ئەردۆغان و ڕەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی وەڵامدانەوەی خاوی حکومەت بۆ گەورەترین بوومەلەرزەی تورکیا لەماوەی نزیکەی سەد ساڵی ڕابردوودا.

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە نێوەندەکەی نزیک شاری غازی عەنتاب بوو و دەیان شارو شارۆچکەی تورکیا و سوریای گرتەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەردۆغان گوتی حکومەتەکەی 50 هەزار کارمەندی فریاکەوتن ڕەوانەی ناوچەکە دەکات لەگەڵ هاوکاری 5 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

مامەڵەکردنی ئەردۆغان لەگەڵ گەورەترین کارەساتی سروشتی لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا، دەشێت کاریگەری هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا کە بڕیارە لە 14ی مانگی پێنجدا ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG