Accessibility links

مایکرۆسۆفت: ئێران لە پشت هاککردنی گۆڤاری چارلی هێبدۆی فەرەنسییەوەیە


توێژەرانی ئەمنی لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، تیمێکی هاککردن کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، گوایە داتای تایبەتی کڕیارانی سەر بە گۆڤاری فەرەنسی چارلی هێبدۆیان دزیوە و دزەپێکردووە.

چارلی هێبدۆ گۆڤارێکی هەفتانەی فەرەنسییە و لە ساڵی 1970 دامەزراوە. بڵاوکراوەکانی تەنزئامێزن و بە وێنەی کاریکاتێری پەیام ئاڕاستەی ئەو کەسانە دەکات کە باسیان دەکات.

گۆڤارەکە سەرەتای مانگی یەک هاک کرا، دوای ئەوەی زنجیرەیەک کاریکاتێری بڵاوکردەوە کە بە شێوەیەکی نەرێنی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانی تێدابوو. کاریکاتێرەکان بەشێک بوون لە هەڵمەتێکی میدیایی کە چارلی ئیبدۆ وتی مەبەست لێی پشتیوانیکردنە لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێراندا.

ئەفسەرێکی ڕۆژنامەوانی چارلی هێبدۆ ڕایگەیاندووە، گۆڤارەکە بۆ ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتەی نییە .

ئێران بە ئاشکرا سوێندی "وەڵامدانەوەی کاریگەر"ی بە کارتۆنە "سوکایەتیپێکەرەکان" خواردوە، هەروەها نوێنەری فەرەنسی لە تاران بانگهێشت کرد، هاوکات کۆتایی بە چالاکییەکانی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی فەرەنسی لە ئێران هێنا، و وتی کە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ چالاکییە کولتوورییەکانی فەرەنسا لەو وڵاتەدا دەکەن.

توێژەرانی مایکرۆسۆفت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە، ئەو هاک و دزەکردنەی کە چارلی هێبدۆی کردۆتە ئامانج، بەشێک بووە لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانتری کاریگەریی پێشتر کە پەیوەندییان بە تیمەکانی هاککردنی ئێرانەوە هەیە کە دەوڵەتی ئێران پاڵپشتییان دەکات.

مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندووە، ئەو گروپەی بەرپرسیارن هەمان ئەو گروپەیە کە بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمەریکا پێشتر دەستنیشانیان کردووە کە هەڵمەتێکی فرەلایەنەیان ئەنجامداوە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2020. ئێران لەو کاتەدا ئەو قسانەی ڕەتکردەوە.

لەناو ڕەخنەی ئێران لە کارتۆنەکانی خامنەیی، کۆمەڵێک هاککەر کە خۆیان بە "ڕۆحی پیرۆز" ناودەبەن، لە مەکۆیەکی ئۆنلاین بڵاویان کردەوە کە دەستیان بە ناو و زانیاری پەیوەندی زیاتر لە 200 هەزار بەشداربووی چارلی هێبدۆ بگات. لە پۆستەکەیاندا ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو زانیاریانە بە 20 بیتکۆین (470 هەزار دۆلار) دەفرۆشن.

دواتر نمونەیەک لەو زانیارییە دزەپێکراوانە بڵاوکرایەوە و لەلایەن ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسییەوە پشتڕاستکرایەوە.

بۆ گەورەکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیان، هاککەرە ئێرانییەکان هەژماری تویتەریان بەکارهێنا کە ناسنامەی ساختە یان دزراویان هەبوو بۆ ڕەخنەگرتن لە کارتۆنەکانی خامنەیی.

مایکرۆسۆفت ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو ئەکاونت کە خۆیان وەک سەرنوسەری چارلی هێبدۆ و بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیا نیشانداوە، ئەو زانیارییە دزەپێکراوانەشیان بڵاوکردووەتەوە پێش ئەوەی تویتەر قەدەغەیان بکات.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی سەر گۆڤاری چارلی هێبدۆ دوای ئەوە دێت، لە یادی هێرشەکانی ساڵی 2015ی سەر نووسینگەی ئەو گۆڤارە لە پاریس لە 7ی کانوونی دووەمدا کە 12 کەس تێیدا مردن، ژمارەیەک وێنەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی بڵاوکردەوە.
ئێران راستەوخۆ هۆشداری لەبارەی کاری لەو شێوەیە دایە حکومەتی فەرەنسا و وێنە کاریکاتێرییەکانی بە "بێڕێزی" ناوبرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG