پۆلیسی پاکستان ڕادەگەیەنێت، 49 منداڵ بەهۆی نوقومبوونی بەلەمێکی کە لە ئاستی خۆی زیاتر خەڵکی تیدابووە، گیانیان لەدەستداوە. ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی سێشەممەی پۆلیس لە کاتێکدایەکە مەلەوانەکان سێ ڕۆژیان بەسەربرد لە دەرکردنی تەرمەکان لە نێو ئاوە بەستووەکاندا.
ئەو منداڵانەی کە خنکاون سەرجەمیان کوڕ بوون و تەمەنیان لە نێوان 7 بۆ 14 بووە. هەموویان خوێندکاری مەدرەسەیەک بوون و ڕۆژی یەکشەممە بۆ گەشتێک برابوون بۆ دەریاچەی بەنداوی تاندا.
خەتیر ئەحمەد، بەرپرسی باڵای پۆلیسی فریاکەوتن دەڵێت "ئاوی بەنداوەکە بەستەڵەک بوو بەهۆی ساردی کەشوهەوا کە ڕێگری لە ئەرکی ڕزگارکردنەکە کرد. بەڵام ئەمڕۆ مەلەوانەکان توانیان بە خۆیان بخزێننە قوڵایی ناو ئاوەکە بۆ دەرکردنی ئەو تەرمانەی کە مابوونەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی مامۆستایەک و کاپتنی بەلەمەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ئاوەکە دەرهێنراون و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارەساتەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 51 کەس.
محەممەد عومەر کە لە سەیرانگەکەدا چا دەفرۆشێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان دایک و باوک و کەسوکاری قوربانییەکان لەوێ کۆبوونەتەوە.
گوتیشی " هەر کاتێک تەرمێک لە ئاوەکە دەردەهێنرا هەموویان پێکەوە ڕایاندەکرد تا بزانن کوڕەکەی خۆیانە یان نا لەگەڵ دەرکردنی هەر تەرمێک شیوەن و هاواری کەسوکارەکانیان دەبیسترا."
ئەو بە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی بە ئاژانسەکەی ڕایشگەیاند " هەرگیز لە ژیانمدا دیمەنی لەوجۆرەم نەبینیبوو، شتێکە کە هیچ وشەیەک دەرینابڕێت."
دەریاچەی بەنداوی تاندا نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە مەدرەسەکە (خوێندنگای ئاینی) وە دوورە لە شاری کۆهات لە ستانی خەیبەر پەختونخوا.
فەزڵ نەعیم، وتەبێژی پۆلیس، ڕۆژی سێشەممە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی فریاگوزاری، ئاماری نوێی کوژراوانی بڵاوکردەوە و لە لایەن باڵی ڕاگەیاندنی سەربازییەوە پشتڕاستکرایەوە.
نەعیم بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "بەلەمەکە باری زۆری لەسەر بووە؛ توانای بەلەمەکەی لە دەوروبەری 20 بۆ 25 کەس بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج کەس ڕزگارکراون کە چوار خوێندکار و مامۆستایەکیان تێدایە.
سوپای پاکستان وێنەکانی بڵاوکردەوە کە مەلەوانەکان بە کەشتییە لاستیکییەکانەوە دەریاچەکە دەبڕن و دەچنە ناو ئاوەکە بۆ دەرهێنانی تەرمی منداڵان.
محەممەد مستەفا، تەمەن 11 ساڵی ڕزگاربوو، ڕۆژی یەکشەممە لە نەخۆشخانەوە گوتی بە فرانس پرێسی گوت "لە ژێر بەلەمەکەدا گیرمخواردبوو شاڵ و بلوزەکەم قورسیان کردبووم، بۆیە دامکەندن."
ئەو گوتیشی "ئاوەکە زۆر سارد بوو و جەستەم بێهێز بوو، پێم وابوو بێهۆش دەبم کاتێک پیاوێک لەسەر چوپێک ڕزگاری کردم".
خنکان لە پاکستان باوە، کاتێک کەشتییە کۆنەکان بارێکی لەئەندازەی خۆیان هەڵدەگرن هاوسەنگی خۆیان لەدەست دەدەن و سەرنشینەکان دەکەونە نێو ئاوەکەوە.
لە هەمان ڕۆژی ئەم کارەساتە بەلایەنی کەم 41 کەسیش گیانیان لەدەستدا کاتێک پاسێک لە ڕێگایەکی بەرزی لاپاڵی چیاوە کەوتە نێو دۆڵێک لە ستانی بەلوچستانی باشوری ڕۆژئاوای پاکستان.
لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووداش، لانیکەم 18 ژن خنکان، دوای ئەوەی بەلەمێکی کە نزیکەی 100 ئەندامی بنەماڵەیەکی تێدابوو، لە کاتی کاروانی هاوسەرگیری، نێوان دوو گونددا نوقم بوو.