Accessibility links

کۆریای باکوور بڕیاری ئەمەریکا بۆ ناردنی تانک بۆ ئۆکرانیا سەرکۆنە دەکات


کۆریای باکوور بڕیارەکەی واشنتن بۆ دابینکردنی تانک بۆ ئۆکرانیا بە شێوەیەکی تووند سەرکۆنە دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمەریکا پەرە بە شەڕی بە وەکالەت بۆ لەناوبردنی ڕووسیا دەدات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدا ٣١ تانکی ئەبرامز کە یەکێکە لە بەهێزترین و ئاڵۆزترین چەکەکانی سوپای ئەمەریکا وەک یارمەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشییەکانی مۆسکۆ، بداتە ئۆکرانیا.

لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانی ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، واشنتنی بە هۆکاری قەیرانەکانی ئۆکرانیا زانی و تۆمەتباری کردن بە بەزاندنی هێڵی سوور لە ڕێگای بڕیاری ناردنی تانکەکانەوە.

ناوبراو لە بەیاننامەکەدا دەڵێت "لە پشتی ئەم کارەدا نیازی خراپی ئەمەریکا خۆی حەشارداوە بۆ بەدیهێنانی هەژموونگەرایی خۆی و فراوانکردنی زیاتری شەڕی بە وەکالەت بۆ لەناوبردنی ڕووسیا."

ئەو ئاماژەی بەوەش دەکات و دەڵێت "واشنتن "تاوانباری سەرەکییە" و پیۆنگ یانگ هەمیشە لەگەڵ کارمەندانی خزمەتگوزاری و خەڵکی ڕووسیا لە یەک بەرەدایە." و دەشڵێت "ئەگەر ئەمەریکا نەبوایە ئێستا جیهان گەشاوەتر و ئەمنتر و ئارامتر دەبوو".

جگە لە سوریا و ڕووسیا، کۆریای باکور تاکە وڵاتە کە دان بە سەربەخۆیی لوهانسک و دۆنێتسکدا بنێت، کە دوو ناوچەی دابڕێنراوی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە کە ڕووسیا پاڵپشتییان دەکات.

ڕووسیا یەکێکە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان و لەمێژە دژی گوشارەکانە بۆ سەر کۆریای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی و تەنانەت بە هۆکاری مرۆیی داوای لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانیش دەکات لە سەر ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG