میدیای فەرمی لیبیا ڕایانگەیاندووە، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕۆژی شەممە گەیشتە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وزە و هەروەها پرسی کۆچکردن.
گەشتەکەی مێلۆنی کە دووەم گەشتە بۆ وڵاتێکی باکووری ئەفریقا لەم هەفتەیەدا، یەکەم گەشتە لەلایەن سەرکردەیەکی ئەوروپیەوە بۆ لیبیای بەشەڕ وێرانبوو لە دوای سەردانەکەی ماریۆ دراگی لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢١.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی لیبیا ڕایگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەلایەن عەبدولحەمید ئەلدبێبا پێشوازی لێکراوە، کە سەرۆکایەتی حکومەتی یەکێتی نیشتمانی دەکات ئەوەی بنکەکەی لە تەرابلوسە.
لیبیا و ئیتاڵیا هاوبەشی بازرگانی سەرەکین، بەتایبەتی لە بواری وزەدا، کە کۆمپانیای زەبەلاحی ئیتاڵی ئینی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دەستخستنی گەورەترین یەدەگی نەوتی ناسراوی ئەفریقا.
مێلۆنی ڕۆژی دووشەممە سەردانی جەزائیری کرد و داوای ڕێککەوتنی دابینکردنی لە وڵاتی سەرەکی هەناردەکاری غازی ئەفریقای کرد بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕووسیا دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئۆکرانیای داگیرکرد.
لە میانی گەشتەکەیدا بۆ لیبیا، بڕیارە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانی لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا، پرسی کۆچکردن تاوتوێ بکات.
لیبیا ساڵانێکە بەهۆی ململانێ و دووبەرەکییەوە وێران بووە لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠١١دا ڕاپەڕینێک کە لەلایەن ناتۆوە پاڵپشتی دەکرا، موعەمەر قەزافی دیکتاتۆری ڕووخاند.
ساڵانە هەزاران کەس کە لە ململانێ و هەژاری لە سەرانسەری ئەفریقا هەڵدێن پەنا دەبەنە ئەوروپا.
حکومەتی ڕاستڕەوی توندڕەوی مێلۆنی لە مانگی دەوە دەستبەکاربوو و بەڵێنیدا لێشاوی هاتنی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا ڕابگرێت، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە زیاتر لە ١٠٥ هەزار کەس.
سەرچاوە/ فرانس پرێس.