Accessibility links

هەنگاریا دەڵێت هەر جۆرە سزایەکی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا ڤیتۆدەکات کە کاریگەری لەسەر وزەی ئەتۆمی هەبێت


سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان
سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی فەرمی هەنگاریا وتی وڵاتەکەی ڤیتۆی هەر جۆرە سزایەکی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا دەکات کە کاریگەری لەسەر وزەی ئەتۆمی هەبێت.

ئۆکرانیا داوای لە 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا کردووە کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی ڕۆساتۆمی ڕووسیای بخاتە ناو سزاکانەوە بەڵام هەنگاریا کە وێستگەیەکی ئەتۆمی دروستکراوی ڕووسیای هەیە کە بەنیازە لەگەڵ ڕۆساتۆم فراوانی بکات، ڕێگری لەوە کردووە.

ئۆربان لە چاوپێکەوتنێکدا دووپاتیکردەوە کە سزاکانی سەر وزەی ئەتۆمی "بە ئاشکرا دەبێت ڤیتۆی لەسەر بکرێت".

سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا وتی: ئێمە ڕێگە نادەین ئەو پلانەی کە وزەی ئەتۆمی بخرێتە ناو سزاکانەوە جێبەجێ بکرێت.

هەنگاریای ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا چەندین جار ڕەخنەی لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا گرتووە بەهۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیای دراوسێ و ڕایگەیاندووە کە شکستیان هێناوە لە لاوازکردنی ڕووسیا بە شێوەیەکی مانادار، لە هەمان کاتدا مەترسی لەناوبردنی ئابووری ئەوروپایان لەسەرە.

ڕۆژئاوا لەو کاتەوەی ڕووسیا ئۆکرانیای داگیرکردووە، سزای بەسەر ڕۆساتۆمدا نەسەپاندووە.

وێستگەی ئەتۆمی پاکسی هەنگاریا چوار ڕیاکتۆری بچووکی VVER 440ی دروستکراوی ڕووسیای هەیە کە توانای کۆی گشتی نزیکەی 2000 مێگاواتیان هەیە، کە لە نێوان ساڵانی 1982 بۆ 1987 دەستی بە کارکردن کردووە.

نزیکەی نیوەی وزەی خۆی بەرهەم دەهێنێت و وێستگەکە سووتەمەنی ئەتۆمی لە ڕووسیا وەردەگرێت.

بەپێی ڕێکەوتنێک کە لە ساڵی 2014دا لەگەڵ ڕووسیا واژۆ کراوە، هەنگاریا ئامانجیەتی کارگەی پاکس بە دوو ڕیاکتۆری VVER دروستکراوی ڕووسیا بە توانای هەریەکەیان 1.2 گیگاوات فراوان بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG