Accessibility links

ئەمەریکا سەرکردەی باڵای داعش لە سۆماڵ دەکوژێت


لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ئەم مانگە پشتڕاستی کردەوە کە بیلال ئەلسودانی سەرکردەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەمەریکا لە سۆماڵ کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن، ئۆستن سوپاسی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کردووە بۆ پشتیوانیکردنیان لەو ئۆپەراسیۆنە دژە تیرۆرە.

بەر لە لێدوانەکەی ژەنەڕاڵ ئۆستن، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ئۆپەراسیۆنەدا گرتنی ئەلسودانی بە زیندووی بووە، بەڵام لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بۆیان دەرکەوتوە کە ئامانجەکەیان جێبەجێ نابێت.

دوو سەرچاوە لە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ بیلال ئەلسودانی، دە چەکداری دیکەی داعشیش کوژراون. ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن فەرماندەیی ئەمەریکا لە بەشی ئەفریقا، لقی سۆماڵ ئەنجامدراوە.

بە گوتەی ئەوان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا خەڵکی مەدەنی هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتوە و هیچ کام لە سەربازە ئەمریکییەکانیش بریندار نەبوون.

ئەو پلانە سەربازییە لە ئەشکەوتەکانی باکووری سۆماڵ بە ڕەزامەندی جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ئەنجامدراوە و ئەمەریکاش سۆماڵ و هاوبەشێکی دیکەی دژە تیرۆری لەو بارەیەوە ئاگادار کردبووەوە کە ناوی سێیەم وڵاتی هاوبەش ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە/ سی ئێن ئێن، ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG