Accessibility links

شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر دەبێتەوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، ڕووسیا هەوڵەکانی بۆ شکاندنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا بە شەڕی قورس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش جەخت لەسەر پێویستی کیێڤ بە چەکی زیاتری ڕۆژئاوایی دەکاتەوە.

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شەڕی توند لە ئارادایە، ئەوەش دوای ڕۆژێک لە کوشتنی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕوسیا لانیکەم ١١ کەس، ئەمەش وا دیارە وەڵامێکە بۆ بەڵێنەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دابینکردنی تانک بۆ ئۆکرانیا.

دوای چەند هەفتەیەک لە ململانێ، ئەڵمانیا و ئەمەریکا بەڵێنیانداوە بە ئۆکرانیا دەیان تانکی مۆدێرن بدەنی کە یارمەتیدەر بن لە پاڵنانی هێزەکانی ڕووسیا بۆ دواوە، ئەمەش ڕێگەی بۆ کەنەدا، پۆڵەندا، فینلاند، نەرویج و وڵاتانی دیکە کردووەتەوە کە هەمان هەنگاو بنێن.

ڕووسیا ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بە ڕەوانەکردنی چەکێکی زۆر بۆ ناو ئۆکرانیا و سەرزەنشتی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکای کردووە و ودەڵێت کلیلی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لە دەستیدایە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ پاڵپشتییەکانیان، بەڵام لە دوانزەهەمین مانگی جەنگدا داوای سزای توندتری بەسەر مۆسکۆ و چەکی زیاتری بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکەران نوێکردەوە.

زێلێنسکی ڕۆژی پێنجشەممە لە وتاری تەلەفزیۆنیدا وتی: ئەم خراپەکارییە، ئەم دەستدرێژییە ڕووسیایە تەنیا بە چەکی گونجاو دەتوانرێت ڕابگیرێت و دەبێ بوەستێنرێت. دەوڵەتی تیرۆریستی لە هیچ شتێکی دیکە تێناگات.

کاربەدەستانی خۆجێی ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتی تۆپبارانی قورسیان لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە شوێنی هەندێک لە قورسترین شەڕەکانە لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا لە ٢٤ی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو.

ئۆلێه سینێهوبۆڤ، پارێزگاری ناوچەی خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: "شەڕی توند بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە بەردەوامە، بەرگریکارانمان بە توندی دەستیان بە پێگەکانیان گرتووە و زیان بە دوژمن دەگەیەنن".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG