Accessibility links

فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ئیسرائیل دەڵێت پێویستە وڵاتەکەی بە زووترین کات هێرش بکاتە سەر ئێران


بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئای ٢٤ی ئیسرائیل، ژەنەڕاڵ ئێڵیعەزر مارۆم فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە کە ساڵی داهاتوو دەبێت هێرش بکرێتە سەر ئێران.

ئەو فەرماندەی پێشووە گوتویەتی "کات خەریکە تێدەپەڕێت و دەبێت بە زووترین کات پێش ئەوەی درەنگ بێت، هێرش بکەینە سەر ئێران."

بە وتەی ناوبراو، ئێران لە لێواری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە و پێویستە ئیسرائیل ساڵی داهاتوو هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەرنامەی ناوکی ئێران لەناوبەرێت.

ژەنەڕاڵ مارۆم بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە ئێران کامێراکانی چاودێری لە بنکەکانی ئەتۆمی لابردوە و خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە، گوتویەتی "زانیاری وردمان سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ناوکی ئێران نییە، بەڵام بە تێگەیشتنی من دەبێت بە زووترین کات هێرش بکەینە سەر ئێران، چوونکە زۆر نزیک بووەتەوە لە دروستکردنی چەکی ناوکی."

پێشتریش ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر پلانی هێرشکردنە سەر ئێران بگاتە قۆناغی جێبەجێکردن، ئەوا لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی بنیامین ناتانیاهۆدا دەبێت.

ئەڤیڤ کۆخەوی دوو هەفتە لەمەوبەرو و لە ڕۆژانی کۆتایی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنە هەواڵییەکانیدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕوونی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی سێ بەرنامەی بۆ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران داڕشتووە و بەردەوامە لە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ ساڵی داهاتوو.

ئەڤیڤ کۆخەوی بۆ یەکەمجاریش بە ئاشکرا پشتڕاستی کردەوە کە مەبەستی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، تەنها هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی نییە، بەڵکو لە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیەدا شوێنە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی دیکەی ئێرانیش لە لیستی ئامانجەکانی هێرشی ئیسرائیلدا دەبن.

سوپای ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٢٧ی ئەم مانگە کۆتایی بە مانۆڕێکی پێنج ڕۆژە لە دەریای ناوەڕاست دەهێنن کە بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا بە "گرنگترین" مانۆڕی دوو ئەو دوو وڵاتەی تاکو ئێستا ناو بردووە.

سەرچاوە/ ڕادیۆ فەردا، ئای 24 نیوز، تویتەر

XS
SM
MD
LG