Accessibility links

ڕۆڵی ئەمەریکا لە گۆڕەپانی ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستاندا


سەردانی شاندی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، بووە هۆی خاوبوونەوەی گرژی نێوان یەکێتی و پارتی.

هەرپاش دوای کۆبوونەوەی وەفدی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک لە بەیاننامەی هەردوو حزبدا ئەم خاوبوونەوەی گرژییانە بەدیکراوە.

هەرچەندە ماوەی چەند مانگێکە پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی لە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێشمی سیاسیدایە و لە میدیاکانەوە شەڕێکی سارد لە دژی یەکتر ئاڕاستە دەکەن، ئەمەش بە هۆی بوونی کێشە لەسەر چەند پرسێک کە دیارترینیان، پرسی هەڵبژاردن، میکانیزمی بەشداری کردنی هاوبەش لە حکومەت، کە خۆی لە پاراوێزخستنی سلێمانی لە دیدی یەکێتی و نەگەڕاندنەوەی بودجە لە دیدی پارتی دەگرێتەوە، ئەمە بەدەر لە پرسی کێڵگە نەوتیەکان بەدیاری کراویش کێڵگەی کۆرۆمۆر، لە سەروی ئەم پرسانەشەوە، چەند پرسێکی تری تایبەت بە دۆسیەی تیرۆری چەند کەسێکی ئەمنی.

کۆبوونەوەی ئە مەریکاییەکان لەگەڵ سەرکردایەتی هەردوولا، هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە ڕاستەوخۆ دەستپێشخەری لەلایەن هەردولاوە بۆ دانیشتن خرایە ڕوو.

ئەمە یەکەم جار نییە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دیاری کراویش هەردوو حزب، بەدەستپێشخەری وڵاتان و نێوەندگیری ئاشتی و ئیستیقراریەت لە نێوانیاندا بەرپا دەبێت.

چاودێران لەو بڕوایەدان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کاریگەرن بە سیاسەتی وڵاتانی ناوچەیی و هەبوونی هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانیان هۆکارێکە بۆ ئەوەی نێو ماڵی کورد پەرتەوازە بێت، بەڵام وڵاتانی زلهێز ناکۆکن لەگەڵ بەرژەوەندیاکانی وڵاتانی ئیقلیمی لە هەرێمی کوردستاندا بۆیە ڕێگرن لەبەردەمیانداو دەیانەوێت لایەنەکان کۆک و تەبا بن.

نیاز حامید چاودێری سیاسی لەم بەرەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە دوای ساڵی 1991ەوە بەبەردەوامی ناکۆکی لە نێوان دوو بنەماڵە ( یەکێتی و پارتی ) سەری هەڵداوە، ئەوەی ناکۆکیەکانی تۆخ کردۆتەوە، وە بۆتە پڕۆژەیەکی داگیرکەرانی کوردستان، هێزە ئیقلیمیەکانن، بەتایبەت هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، وایان کردووە کە بەهیچ شێوەیەک هێزەکان خاوەن ئیرادە نەبن، ئەمەریکا ئەجێندای خۆی هەیە، ئەو لە داگیرکەرانی کوردستان لە پێشترە. پڕۆژەی هەیە بۆ ناوچەکە لە ناویاندا کورد، لەبەر ئەوە ناکۆکە، لەگەڵ تورکیاو ئێران، بۆیە ئەوان ڕێگە نادەن بە پیادە کردنی سیاسەتەکانیان لە ناوچەکەدا."

فاروق عەبدوڵا، چاودێری سیاسی پێی وایە ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنەکان کردەیەکی ئاساییە لەواقعی سیاسیدا، بەڵام بردنە دەرەوەی کێشەکان و دەست تێوەردانی دەرەکی فۆڕمێکی ناشەرعیە کە ناکرێت پیادە بکرێت.

" دەتوانین بڵێین ململانێی سیاسی تا ئاستێکی زۆر ئاساییە و لە دنیاشدا ئەمە بووە، بە پێچەوانەوە نەبوونی ململانێی سیاسی ئاسایی نییە، بەڵام ئەوەی کە ئەم ململانێیە پاساوی شەرعی خۆی لەدەستدەدات، لە وێوە دەستپێدەکات کە تەرەفی خاریجی لە دەرەوەی کوردستان، هێزی سیاسی و دەوڵەتی زلهێز تەدەخولی تێدا دەکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دێنە سەر خەت و دەکەونە نێوان ئەم دوو هێزە."

لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ناجێگیردایە و خەڵک لە ڕووی ژیانی و ئابووریشەوە لە دۆخێکی سەختدان، کە دەکرێت دەر ئەنجامی ناکۆکیە سیاسیەکانی نێوان لایەنەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان هەژمار بکرێت.

لەو بارەیەوە نیاز حامید پێی وایە، هەرچەندە ڕاپەڕین بۆ ئەوە کرا خەڵكی ئازادانە لەژێر هەیمەنەی ستاتۆی هەرێمی کوردستاندا بژین، بەڵام ئەمە لە خراپی دۆخی هاووڵاتیانی کەم نەکردەوە.

" ئەگەر چی خەڵکی، خواستیان ئەوە بوو کە ئازاد ببن لەدەست حکومەتی بەعس، بەڵام لە سایەی ئەو دوو حزبە دوو داگیرکەری تر هاتوونەتە خاکی هەرێمی کوردستان، کە ناکۆکیەکان قوڵتر بوونەتەوە. کە ئێستا دەبینین ئەنجامی 32 ساڵی حوکمڕانی خۆماڵی، خەڵک لە هەژاری، بێ پەروەردەیی، لە بێبەهاکردنی کۆمەڵگادایە، بێجگە لە کوشتنی ژنان کە بۆتە دیاردە یان ڕوەتێک کە کۆمەڵگای پێدەناسرێتەوە".

چاودێران پێیان وایە لە ئێستادا پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیان لە ئاستێکی لاوازدایە و خەڵکی لە دۆخەکە ناڕازین، فاروق عەبدوڵاش پێی وایە، هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە پێگەی جەماوەری خۆیان نابەستن لە بڕیارەکانیاندا و ئەمەش باکگراوندێکی مێژووی هەیە.

" خودی ئەوەی کە ئەم کێشمەکێشمە لە ناوخۆیا حل نابێت و وەک دوو هێزی سیاسی کە ناتوانن بگەنە ئەنجامێک، پەنا دەبەنە بەر هێزی دەرەکی، دەلیلە بۆ ئەوەی ئەم دوو هێزە سیاسیە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، پەیوەندیان بە خەڵكی کوردستانەوە نیە، ئەگینا ململانێی سیاسی بۆ دوو هێزی سیاسی، کە بە فعلی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکەن و دەزگایەکیان بە ناوی حکومەتەوە هەبێت، پێم وایە زۆر بە ئاسانی، کێشەکان حل دەبن و لە زۆر حاڵەتیشدا ناگەنە ئەو ئاستەی کە ئێستا پێی گەشتووە".

لەسەر پرسەکە یەکێتی و پارتی ڕای هاوبەشیان هەیەو پێیان وایە، بەرژەوەندی کورد لە یەکبووندایە.

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت " شتێکی ئاساییە، کە کاتێک لە نێوان دوو هێزی سیاسی یان دوو حزب، کە دانوستانەکانیان ئەنجامێکی ئەرێنی نەبێت کە ببێتە هۆی چارەسەرێکی ڕیشەیی کێشەکان، داوا لە تەرەفی سێهەم بکرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەمەریکا، هێشتا ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا، بە بەشێک لە ستراتیژیەتی خۆی دەزانێت لە ناوچەکە، بۆیە سەردانی شاندی ئەمەریکی گرنگە چونکە بەرژەوەندی خۆی لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستاندا دەبینێت."

لە درێژەی قسەکانیدا لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوە کرد "یەکێتی پێشوازی لەهەر هەوڵێکی نێوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەکات کە ببێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان، بە تایبەتی بۆهەمواری دۆخی سیاسی هەرێم و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم."

هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، پێیان وایە، هەرچەندە لە چەندین قۆناغدا یەکێتی و پارتی زۆر ناکۆک بوون تا گەشتن بە شەڕی ناوخۆ، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە سەرکەوتنی گەلی کورد لە یەکگرتووییدایە.

دیاری حسێن، یاریدەدری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند " بەرژەوەندی وڵاتان لە ناوچەکەدا وایە کە هەوڵدەدەن، هەمیشە کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوان دەرنەچێت یان لە بەرژەوەندی ئەوان بێت، کورد لە باشوور لە هاوپەیمانێتی دژی داعشدان، پارتی و یەکێتی و گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە بەشێک بووە لە هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش، بۆیە هاوپەیمانین و بەشێکی سەرەکین لە هێزی هاوپەیمانی و تێکشکێنەری داعشین، ئارامی ناوچەکە بەرژەوەندی ئەمەریکاشە بۆ ئەوەی تیرۆر نەمێنێت و جارێکی تر داعش نەگەڕێتەوە. ئەگەر ناکۆکی هەبێت هۆکارێکە بۆ لاوازی هاوپەیمانانیش. بۆیە هەم هاوپەیمانان هەم کوردیش وەک بەشێک لەو هاوپەیمانیە زەرەرمەند دەبێت."

لە دوای سەردانەکەی وەفدەکەی کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک، هەر یەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەیاننامەیان بڵاو کردەوە، لە هەریەک لە بەیاننامەکاندا جەخت لەسەر ڕێکەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە نێوان بەرژەوەندیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا کرایەوە، ئەمە لە کاتێکدا پێش سەردانەکەی وەفدی ئەمەریکی ململانێکانیان لە ئاستێکی قوڵدابوون و چارەسەریشیان ئاسان نەدەبینرا.

XS
SM
MD
LG