Accessibility links

دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر نەوجەوانان لە فێرگەیەکی تۆپی پێدا لە ئێران


ژمارەیەک یاریزانی تیمی نیشتمانی تۆپی پێی ئێران لە یارییەکانی جامی جیهانی لە قەتەر
ژمارەیەک یاریزانی تیمی نیشتمانی تۆپی پێی ئێران لە یارییەکانی جامی جیهانی لە قەتەر

میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕۆژی شەممە بڵاویانکردەوە کە وەزیری وەرزشی ئێران فەرمانی لێکۆڵینەوەی داوە سەبارەت بە تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کۆمەڵێک نەوجەوان لە ئەکادیمیای تۆپی پێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.

لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئیرنادا هاتوە کە "بەڕێوەبەرێکی پێشووی ڕاگەیاندنی یانەی تۆپی پێی 'شەهری خودڕۆ' لە سۆشیال میدیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دایک و باوکی ١٥ یاریزانی ئەم فێرگەیە سکاڵایان لەسەر شوێنەکە و ڕاهێنەرەکانی تۆمار کردووە بەهۆی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵەکانیان."

بنەماڵەی ١٥ ئەندامی قوتابخانەیەکی تۆپی پێ لە شاری مەشهەد ڕۆیشتونەتە بەشی پاراستن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و لاوانی خوراسان ڕەزەوی و سکاڵایان لە ڕاهێنەری ئەو یانەیە کردوە کە دەوترێت "دەستدرێژی" کردووەتە سەر منداڵەکانیان.

خێزانی یاریزانەکان لە ڕێگای مۆبایلی منداڵەکانیانەوە بەم کارەیان زانیوە و پەیامنێری تۆپی پێی دەزگای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیش لە شاری مەشهەد بەبێ ئەوەی ناوی یانەکەی بهێنێت، لەسەر ئەم بابەتەی نووسیوە و کردنەوەی دۆسیەکەشی لای داواکاری گشتی ڕاگەیاندوە.

دەستەی تۆپی پێی خوراسان ڕەزەوی و بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش و لاوانی ئەو پارێزگایە هێشتا کاردانەوەیان بەرامبەر بەم هەواڵە نەبووە کە لە ماڵپەڕە ناوخۆییەکان ڕەنگدانەوەی هەبووە.

جێی ئاماژەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا، هەراسانکردنی سێکسی منداڵانی قووتابی لە لایەن سەعید توسی "شارەزا"یەکی ئەنجومەنی باڵای قورئان و قاری، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو.

توسی یەکێک بوو لە ئەندامانی "کۆبوونەوەکانی قورئان خویندنەوە"ی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران.

دۆسیەکەی توسی دواجار داخرا و داواکارانی ئەو دۆسیەیەش دەستێوەردانی عەلی موقەدەم جێگری پەیوەندییەکانی نووسینگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای قورئانیان وەک یەکێک لە هۆکارەکانی داخستنی ئەو دۆسیەیە ناوبردوە.

لە ڕاپۆرتێکی ڕادیۆ فەردادا هاتوە کە پێشتر ڤیدیویەکی دڵتەزێنیش کە بۆ بڵاوکردنەوە گۆنجاو نەبووە، سەبارەت بە دەستدڕیژی سیکسی لە بەشەناوخۆیییەکی وەرزشی کوڕەکانی لاو نێردراوە بۆ ئەو ڕادیۆیە کە تێیدا "ڕاهێنەرێک لەبەردەم خوێندکارەکانیدا دەستدرێژی دەکاتە سەر یەکێکیان".

لە هەواڵکەی ڕادیۆ فەردادا هاتوە کە هەڵسوکەوتی ئاسایی کەسەکانی ناو گرتە ڤیدیوییەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕەفتار و دیمەنە ئاسایی بووەتەوە.

ڕادیو فەردا دەڵێت ئەو کەسەی کە ڤیدیوکەی بۆناردوون خۆی کەسێکی ڕاگەیاندکارە و گوتویەتی ڤیدیۆکەی بۆ بەشی پاراستنی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و وەزارەتی وەرزشی ناردووە، بەڵام هیچ"کاردانەوەیان نیشان نەداوە".

مشتومڕێکی هاوشێوە لە ساڵی ٢٠١٧دا سەریهەڵدا، ئەمەش کاتێک بەرپرسێکی لێژنەی ئەخلاقی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٠ ئەندامی نەوجەوانی یانەیەکیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

سەرچاوەکان/ ڕادیۆ فەردا, فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG