Accessibility links

پیاوێکی ئێرانی بە تاوانی سەربڕینی هاوسەرە تەمەن 17 ساڵەکەی ڕووبەڕووی سزای 8 ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە


دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند، پیاوێکی ئێرانی بە تاوانی سەربڕینی هاوسەرەکەی و نمایشکردنی سەری لەبەردەم خەڵکدا سزای زیاتر لە هەشت ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بۆ سزادانی ئەو پیاوە تەنها بۆ " هەشت ساڵ و سێ مانگ زیندانی کردن" کە هاوسەرە تەمەن حەڤدە ساڵەکەی خۆی سەربڕی بوو، کاردانەوەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتەوە بە تایبەتی لە کاتێکدا ئێران چەندین سزای قورس لە ناویاندا سزای لەسێدارەدانیشی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییە بەکارهێناوە.

مونا حەیدەری تەمەن 17 ساڵ لە مانگی 2ی ساڵی 2022 لەلایەن هاوسەرەکەی و شوبراکەیەوە لە شاری ئەحوازی پایتەختی پارێزگای خوزستان کوژرا.

پاش کوشتنەکەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایە کە تیایدا نیشان دەدات هاوسەرەکەی بە زەرەخەنەوە سەرە بڕاوەکەی ژنەکەی لە سەر شەقامدا نمایش دەکات ئەمەش بووە مایەی خەم و توڕەییەکی زۆر لە ناو خەڵکیدا.

مەسعوود ساتایشی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیادن ، سەجاد حەیدەرنوا، هاوسەر و بکوژی مونا حەیدەری ، "بەهۆی کوشتنی بە ئەنقەست سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بۆ لایەنی دەستدرێژی بە ئەنقەستەوە، سزای هەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە."

ساتایشی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، دایک و باوکی قوربانییەکە " لە بکوژەکە خۆش بوون" لە بری ئەوەی داوای "قەساس" بکەن.

یاسای تۆڵەسەندنەوەی ئیسلامی ئێران بە قەساس ناسراوە. ئەم یاسایە بە شێوەیەکە، لەبری خوێن داوای خوێن دەکرێت مەگەر خێزانی قوربانییەکە لێی خۆش بن یان پارە لە بری خوێنەکە وەربگرن. قەساس لە سزای یاسایی ئێراندا ئاماژەیە بۆ ئەو تاوانانەی کە سزاکانیان تۆڵە سەندنەوەیە کە بریتین لە کوشتنی بە ئەنقەست، بڕینی ئەندامی جەستەی مرۆڤ بە ئەنقەست یان بریندارکردنی بە ئەنقەست.

گوتەبێژەکەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران گوتیشی " تاوانبارەکە هیچ مافێکی بەرەنگاربوونەوەی حوکمەکەی نییە، ئەمە دوا بڕیارە."

گوتیشی تاوانباری دووهەمی ئەم دۆسێیە " حەیدەر حەیدەرنەوا سزای 45 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی هاوبەشی لە کوشتنی بە ئەنقەستدا."

بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندن مونا حەیدەری لە تەمەنی 12 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و لە تەمەنی 14 ساڵیدا منداڵی بووە. کاتێک لەلایەن هاوسەرەکەی کە ئامۆزاشی بووە لە تەمەنی 17 ساڵیدا سەربڕا کوڕەکەی تەمەنی سێ ساڵ بوو.

دوای ئەو تاوانە، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ داوای گۆڕانکاریان لە یاسای هاوسەرگیری بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی کرد و دەڵێن دەبێت کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری کچان کە لە ئێستادا بە 13 ساڵ دانراوە زیادبکرێت.

سزادانی بکوژەکەی مونا هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێران کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، لە کاتی دەستبەسەریدا بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، سەریان هەڵدا. هەتا ئێستا زیاتر لە 19 هەزار کەس لە پەیوەندی بەم خۆپیشاندانانەوە دەستگیرکراون کە بەشێکیان سزای توندی زیندانی کردن و تەنانەت سزای مەرگیش دراون. بۆیە چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایی نیشان دەدەن و دەڵێن چۆن دەبێت خۆپیشاندەر لە سێدارە بدرێت و کەسێکیش کە بەو شێوەیە هاوسەرەکەی سەربڕیوە تەنها سزای 8 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بدرێت.

XS
SM
MD
LG