Accessibility links

چاودێران: سەردانی نێردەی ئەمەریکا بۆ هەولێر دەکرێت ئاڵۆزی پارتی و یەکێتی  کەمبکاتەوە


هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە ئەمەریکا هەوڵی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە بداتەوە.

حکومەتی ئەمەریکا لە ڕابردوودا چەندین جار هەوڵیداوە کۆتایی بە ناکۆکیەکانی نێوان هێزە کوردیەکان بهێنێت، کە گرینگترینیان بریتی بوو لە هەنگاوەکەی مانگی 9ی ساڵی 1998 بە سەرۆکایەتی ماڵدین ئۆڵبڕایت، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا، کە بووە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕی براکوژی نێوان یەکێتی و پارتی.

چاودێران دەڵێن شیانی هەیە حکومەتی ئەمەریکا دووبارە ئەو ڕۆڵە ببینێت کاتێک برێت مەکگورگ، نێردەی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئافریکا، ڕۆژی دووشەممە لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ عێراق دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کۆدەبێتەوە.

مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە، لەم بارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " پێویست دەکات مەکگورگ بگاتە هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و دەزانێت هەرێمی کوردستان زۆر لە لێواری کێشەی گەورەدایە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی و بەتایبەتی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دەیەوێ دانیشتنێک لەنێوانیاندا رێکبخات."

کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی کە بڕیاربوو پێش سەری ساڵی 2023 ئەنجام بدرێت تا ئێستا بەهۆی ناکۆکەیانی نێوان ئەو دوو حزبە لەسەر چەند پرسێکی ئەمنی و دارایی ڕێکنەخراوە. ئەندامانی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران هەموو بەشداربوونێکیان لە کۆبوونەوەکان هەڵپەساردووە. ئاڵۆزیەکان بەشێوەیەک پەرەیان سەندووە کە بەرپرسانی باڵای ئەوو دوو حزبە، لە نێویاندا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش هۆشداریان داوە لەوەی دەکرێت هەرێمی کوردستان بە فەرمی دابەش ببێتەوە بۆ سەر دوو ئیدارە.

لە دوایین پێشهاتدا ڕۆژی یەکشەممە، 15 ی مانگی یەکی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرکردایەتی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕێگر بوونە لە کۆکردنەوەی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە "ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ روودەدات."

لە بەرامبەردا، تیمی یەکێتیی لە حکومەت لێدوانەکەی مەسرور بارزانیان بە "چەواشەکاری" لەقەڵەم دا و ڕایانگەیاند، "بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان."

بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕواندەکرێت ئەو نوێنەرەی ئەمەریکا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، و سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستاندا کۆببێتەوە.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە سەردانەکەی مەکگورگ تایبەت نییە بە کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی، بەڵکو ئەم بابەتە لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی دیپۆلماتیدا دەبێت بۆ عێراق.

بە گوێرەی سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا، پرسی ناردنەدەرەوەی دۆلار بۆ ئێران و هاوکاریە سەربازیەکانی ئەمەریکا بۆ ئیدارەی خۆسەر لە هەرێمی کوردی سوریا بەشێک دەبن لە ئەجێندای سەردانەکەی مەکگۆرک بۆ ناوچەکە.

ئازاد جۆڵا، چاودێرێکی سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، " بارۆدۆخەکە وا دەخوازێت کە مەکگورک سەردانی هەرێمی کوردستان بکات...نابێت ئەو کێشانەی نێوان پارتی و یەکێتی بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە چونکە لەوانەیە بەرنامە و ئەجندای ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش لە ناوچەکەدا بشێوێنێ یان ئاڵۆزبکات."

سەرۆکی دەزگای ستاندەر ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە "کێشەی بەرژەوەندی و ماددی" لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە ئەو دوو حزبە بە دەستپێشخەری مەکگورک کۆبوونەوە ئەنجامبدەن.

ئەو ڕایگەیاند کە ئاڵۆزیەکان لە ئاستێکدان "ئەگەر مەکگورگ ڕۆڵی نەبێت کەس ناتوانێت رۆڵی هەبێت."

بەڵام لە هەمانکاتدا، مەسعود عەبدولخالق بێئومێدی خۆی نیشاندا لەوەی ئەمەریکا بتوانێت چارەسەری بنەڕەتی ناکۆکیەکان بکات بە هۆی ئەوەی "پاش ماوەیەکی کەم ڕەنگە سەرهەڵبداتەوە چونکە ئەزمونی سی ساڵەی دەسەڵاتی کوردیمان بینیوە کە پابەندنابن بەهیچ بەڵێن و ڕێککەوتنێک تا پابەندی ئەو میساقانەیش نابن کە لە نێوان خۆیاندا هەیە."

لە دوای سەرهەڵدانی گروپی داعش، حکومەتی ئەمەریکا سەرەڕای فشارەکانی نەیتوانیوە یەکێتی و پارتی ناچاربکات بە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە. لە ناوچە کوردیەکانی سوریاش، هەوڵەکان بۆ ناهێشتنی ناکۆکی نێوان پەیەدە و پارتە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

XS
SM
MD
LG