Accessibility links

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی چەندین دۆسیەی گرنگی لەهەرێم پەکخستووە


ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، گۆڕانکارییە حکومییەکانی نێو ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، مەترسی لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دروستکردووە لە کۆتایی ئەمساڵ دا.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە، هەریەک لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف، پۆستی ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی پارتییان وەرگرتووە و بە بڕیاری حیزبەکەیان، دەبێت دەست لە پۆستەکانیان هەڵبگرن، بەڵام ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی رێگرە لەبەردەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییەکان.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان کاریگەری هەیە لەسەر هەموو دامەزراوەکانی هەرێم، داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان کرا، تا متمانە بدرێتە وەزیرەکان، بەڵام ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری هەبوو لەمڕووەوە."

ئەو وتیشی"ئێمە پێمانباشبوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە وەزیرەکان ئەنجام بدرێت، تا ئەمە ببێتە هۆی کارئاسانیکردن بۆ کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، بەڵام کێشە و گرفت هەیە، ماوەیەکە تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەکردووە."

تیمی یەکێتی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە نێو حکومەتی هەرێم، ماوەی چەند مانگێکە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان کردووە، بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە کە وەزیرەکەی دەوام ناکات، یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێم، بەو پێیەی پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دا هەیە بۆ شەڕی داعش، بۆیە دروستبوونی بۆشایی لەم وەزارەتە و رێگریە حیزبییەکانی بەردەم یەکخستنەوەی پێشمەرگە، هاوپەیمانانی نیگەران کردووە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات لەپەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تا ئێستا نامەمان بۆ نەهاتووە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە وەزیرەکان، بەڵام کێشەی گەورەترمان هەیە لە متمانەدان بە وەزیر."

کێشمەکێش و شەڕی میدیایی نێوان یەکێتی و پارتی بەردەوامی هەیە، سەرباری هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆبوونەوەی نێوانیان، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بە دی ناکرێت بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئیش و کارەکانی حکومەت و پەرلەمانیش هەبووە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، دەڵێت"کاتێک پەرلەمان چاودێرێکی کارا نەبوو بەسەر حکومەتەوە، دامەزراوەکان دەکەوێتە دەست حیزب لە دەرەوەی یاسا، وەکو ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەیبینین."

هەروەها وتیشی"باڵادەستبوونی حیزب بەسەر دامەزراوەکان دا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەرێم لاواز دەکات لە بەرانبەر ڕای گشتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان."

پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 9/10 ی ساڵی ڕابردوو، بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی خۆی تا ڕۆژی 31/12/2023 درێژکردەوە، گەر ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بەردەوامی هەبێت، ڕەنگە نەتوانرێت لەو وادەیەشدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، وتی"کێشەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنمان هەیە، کێشەی یاسای هەڵبژاردنمان هەیە کەچی لێ دێت، گەر بچینە نێو مانگی چوارەوە، ناتوانرێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، چونکە کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن، 6 مانگی پێویستە."

ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە دیاریکراوی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، پەیوەندی بە چەندین دۆسیەی جیاوازەوە هەیە، بە تایبەت یەکێتی لەلایەن پارتییەوە بە دەست هەبوون لە کوشتنی عەقیدێکی دژە تیرۆر لەهەولێر و دیارنەمانی داهاتی سلێمانی تۆمەتبار دەکرێت. یەکێتیش پارتی بە دەستگرتن بەسەر حکومەت و ئابڵوقە خستنە سەر سلێمانی و چەکدارکردنی چەند "تۆمەتبارێک"ی سنوری سلێمانی تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG